لە سلێمانی ئامادەکارییەکان بۆ هاتنی گەشتیاران دەکرێت

لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی سەری ساڵی زاینی، گەشتوگوزاری سلێمانی ئامادەکارییەکانی بۆ هاتنی گەشتیاران رادەگەیەنێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سلێمانی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا کەوتوون، بەهۆی قەیرانی داراییەوە بۆ ئەمساڵ ناتوانرێت رێورەسم و بۆنەی تایبەت بە جەژنی سەری ساڵ سازبکرێت، بەڵام وەک نەریتێکی ساڵانە ئامادەکاریی بۆ هاتنی گەشتیاران کراوە.

هەر بەپێی زانیارییەکان، لە سبەینێ چوارشەممەوە لەسەرجەم بازگە و خاڵە سنووری فڕۆکەخانەکان لەلایەن لیژنەی تایبەتەوە پێشوازی لە گەشتیاران دەکرێت، شیرینی و رێبەری گەشتیارییان بەسەردا دەبەخشرێتەوە و هەموو ئاسانکارییەکیان پێشکەش دەکرێت.

لە رۆژانی پشووی سەری ساڵدا، سەنتەری زانیاریی گەشتیاریی لە شەقامی سالمی سلێمانی لە کاردا دەبن و هەموو هاوکارییەک پێشکەش بە گەشتیاران دەکەن و ژمارەکانیشیان لەسەر سەرجەم رێبەر و نووسراوەکانی گەشتوگوزاری سلێمانی دەستدەکەون.

ساڵی رابردوو لە بۆنەکانی سەری ساڵدا 50 هەزار گەشتیار روویان لە سنووری پارێزگای سلێمانی کردبوو، کە 90% یان لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە بوون، چاوەڕوان دەکرێت بۆ ئەمساڵ لە دەوروبەری هەمان ژمارەدا گەشتیار روو لە سنوورەکە بکەن.

 

بابەتی پێشتر

کەشناسیی هەرێم: ئەمڕۆ و سبەینێ باران نابارێت

بابەتی دواتر

بە بڕیارێک لەبری زەوی، یەکەی نیشتەجێبوون بەسەر کەسوکاری شەهیدان ئەنفالکراوان دابەشدەکرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share