پەکینی پایتەختی چین پلەی گەرمی پێوانەیی لە خوار سفرەوە تۆمارکرد کە بۆ یەکەمجارە لە ماوەی زیاتر لە 70 ساڵدا رووبدات.
شەپۆلێکی سارد ناوچە بەرفراوانەکانی باکور و ناوەڕاستی وڵاتەکەی گرتووەتەوە و بووەتە هۆی زریانی بەفر و نزمبوونەوەی پلەی گەرمی تۆمارکراو، لە پەکین 9 رۆژە لەسەریەک پلەی گەرما لە خوار 10 پلەی ژێر سفرەوەیە.
روانگەی کەشوهەوا لە پایتەختی چین رایگەیاند، “زیاتر لە 300 کاتژمێر پلەی گەرمی ژێر سفر لە 11ی کانونی یەکەمەوە تا رۆژی رابردوو تۆمارکراوە، کە زۆرترین ژمارەی کاتژمێرە لە ساڵی 1951 ەوە تۆمارکرابێت”.
بەپێی ئامارەکانی ناوەندی کەشناسی نیشتمانیی چین، پلەکانی گەرما لە 78 وێستگەی کەشناسی لە سەرتاسەری وڵاتدا نزمترین ئاستی تۆمارکردووە بۆ مانگی کانونی دووەم، هاوکات تێکڕای پلەکانی گەرما لەم مانگەدا لە باکووری چین و هەندێک ناوچەی ناوەڕاستی وڵاتەکە گەیشتوونەتە نزمترین ئاستی تۆمارکراو کە لە ساڵی 1961دا تۆمارکراوە.