بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستانەوە، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی عەلی باپر، سەرۆکی حزبەکە کرد.
دەقی پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی:
بە ناوی خودای بەخشندەی میهرەبان
بەڕێز مامۆستا عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان
بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستانەوە، لە دڵەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە بەڕێزتان، ئەندامانی سەرکردایەتی و لایەنگرانتان دەکەین و هیوای سەرفرازی و سەرکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازین.
لەم دەرفەتەدا، بە ڕێزەوە لە ڕۆڵ و پێگەی جەنابتان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان دەڕوانین، وەک هێزێکی نیشتمانی و کاریگەر لە خزمەتکردنی گەل و خاکەکەمان.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک هەمیشە پابەند بە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان دووپات لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانمان و هاریکاری لەگەڵ کۆمەڵی دادگەری دەکاتەوە، لەپێناو یەکخستنی هەوڵەکان و زیاتر خزمەتکردنی خەڵکە خۆشەویستەکەمان.
هەر شاد و سەرفرازبن