ئەمڕۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەدەچێت و تێیدا حزب و لایەنە سیاسییەکان کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی 275 کورسی دەکەن لە 15 پارێزگای ئەو وڵاتەدا بەدەر لە پارێزگاکانی هەرێم.
بەپێی ئەو ئامارەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بڵاویکردووەتەوە کۆی کورسی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق 275 کورسیە و لەو ژمارەیەش حزبە کوردستانییەکان کێبڕکێی بەدەستهێنانی 71 کورسی دەکەن لە پارێزگاکانی کەرکوک، دیالە، سەڵاحەدین و نەینەوا.
سەبارەت بە ژمارەی دەنگدەران لەو ناوچانە ئاماژەی بەوە کردووە، لە پارێزگای کەرکوک 870 هەزار و 920 کەس، دیالە 950 هەزار و 114 کەس، سەڵاحەدین 770 هەزار و 956 کەس و لە نەینەوا یەک ملیۆن و 795 هەزار و 292 کەس مافی بەشداریکردنیان هەیە.
ئەمڕۆ لە هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق 15 ملیۆن و 108 هەزار و 135 کەس لە تەواوی وڵاتدا مافی دەنگدانیان هەیە، هاوکات 5 هەزار و 904 کاندیدی لیستە بەشداربووەکان بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن دەکەن.