كۆمسیۆن: بەشداری دەنگدەر لە هەڵبژاردنی داهاتوو بە كارتێكی نوێ دەبێت

ماوەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران یەك مانگە

بەرپرسێكی كۆمسیۆن لە هەرێم دەستپێكردنی پڕۆسەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران ئاشكرادەكات و دەشڵێت، بەشداریكردنی دەنگدەر لە هەڵبژاردنی داهاتوو بە نوێكردنەوەی تۆمار و كارتێكی نوێ دەبێت.

عەبدولڕەزاق موشیر، بەرپرسی لقی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق ئەمڕۆ شەممە 2ی كانونی دووەم لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا وتی، پڕۆسەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران لەمڕۆوە دەستیپێكردووە و بۆ ئەوەش لەناو پارێزگای هەولێر 53 بنكەیان كردوەتەوە.

وتیشی، “ڕۆژانە بنكەكان لە كاتژمێر 8ی بەیانی تا كاتژمێر 3ی پاش نیوەڕۆ كراوەدەبن و هاوڵاتییان دەتوانن سەردانیان بكەن بۆ نوێكردنەوەی تۆمارەكانیان”.

بەرپرسەكەی كۆمسیۆن ئەوەشی وت، ئەو كەسانەی كارتی بایۆمەتری پێشووی دەنگدانیان هەیە ناتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتوو بكەن، بەڵكو پێویستە ڕوو لە ناوەندەكانی تۆماری دەنگدەران بكەن و كارتی تایبەت بە نوێكردنەوە وەربگرن و بەو كارتە دەتوانن بەشداری هەڵبژاردن بكەن.

ئەوەشی خستەڕوو، لەدایكبووانی ساڵانی 2001 تا 2003 پێویستە ڕوو لە بنكەكان بكەن بۆ خۆ تۆماركردن، تا بتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بكەن.

عەبدولڕەزاق موشیر ئاماژەی بەوەشكرد كە 45 تیمی گەڕۆكیان تایبەت بە هاوڵاتییان و 37 تیمیان تایبەت بە ڕاگوێزراوان پێكهێناوە بەمەبەستی نوێكردنەوەی تۆماری هاوڵاتی و ڕاگوێزراوان و كارئاسانی لەو ڕوەوە.

جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە، ماوەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران یەك مانگی بۆ دانراوە و دوای ئەوەش یەك مانگ تایبەت دەبێت بە خستەڕوو و گازندە و بەر لە هەڵبژاردنیش بە چەند مانگێك كارتەكان بۆ بنكەكان دەگەڕێندرێنەوە و هاوڵاتییان ئەوكات دەتوانن وەریبگرنەوە.

بابەتی پێشتر

ترەمپ داوای خۆپیشاندان لە لایەنگرانی دەكات

بابەتی دواتر

خشتە و کاتی یارییەکانی ئەمڕۆ، شەممەی خولەکانی ئەوروپا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share