وەزیری ژینگەی ئازەربایجان رایگەیاند، “ئێستا ڕێگا بۆ وڵاتەکەمان کراوەیە بۆ سازدانی کۆنفڕانسی COP29 لە ساڵی 2024”.
لە میانەی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوای نەتەوەیەکگرتووەکان ناسراو بە COP28 لە دوبەی، موختار بابایێڤ، وەزیری ژینگەی ئازەربایجان لە وتارێکدا وتی، “بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنم کە کۆدەنگی گشتی هەیە لەسەر کاندیدکردنی ئازەربایجان بۆ میوانداریکردنی کۆنفرانسی COP29”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “بەڵێندەدەین بە شێوەیەکی گشتگیر کار بکەین و هاوکاری هەمووان بکەین بۆ سەرکەوتنی کۆنفرانسی COP29”.
ساڵانە کۆنفڕانسی COP لە ناوچەی جیاواز ڕێکدەخرێت و ئەمساڵ وڵاتانی ئاسیا ئیماراتیان هەڵبژارد بۆ میوانداریکردنی کۆنفڕانسەکە، ساڵی داهاتووش وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا میوانداری دەکەن و دەبێت وڵاتەکانی ئەو ناوچەیە لەنێوان خۆیاندا ڕێکبکەون بەپێی ڕێکارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هەڵبژاردنی وڵاتێک بۆ میوانداریکردنی کۆنفڕانسەکە.