وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، “بانگەشەی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی ئارام بەڕێوەدەچێت و ئەگەر کێشەیەک هەبێت چارەسەر دەکرێت”.
سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دیدارێکیدا ئاماژەی بەوەکرد، “هەموو لایەنەکان کار لەسەر ئەوە دەکەن کە دەنگی یەکێتی ببەن، لە بەرامبەردا یەکێتیش هەوڵدەدات دەنگەکانی خۆی زیاتر بکات”.
ئەوەشی خستەڕوو، “سوورین لەسەر ئەو سکاڵایەی سەبارەت بە کورسی کۆتاکان تۆمارمان کردووە و بڕیاری دادگا هەرچۆنێک بێت یەکێتی رێزی لێدەگرێت”.
سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی پارتی و یەکێتی سەعدی ئەحمەد پیرە دەڵێت، “لەگەڵ پارتی رێککەوتووین لەسەر پارێزگاریکردن لە قەوارەی هەرێم، هەوڵدان بۆ دابینکردنی مووچەی هاوڵاتییان و چارەسەرکردنی کێشەکانی دیکە”.
ئەوەشی ئاشکراکرد، “کێشەکان لەگەڵ پارتیدا خۆی لە سێ دۆسیەدا دەبینێتەوە ئەوانیش ئاسایش، کارگێڕی و سیاسی، هاوکات لە هەوڵداین ئەو کێشانە پۆلێن بکەین و لە داهاتوویەکی نزیکدا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو دۆسیانە کۆبوونەوەیەک ئەنجامدەدەین”.