ئەمڕۆ، پێنجشەممە کۆتا ڕۆژەکانی ساڵی 2020 تێپەڕدەکەین و لەم ساڵەدا ڕووداوە وەرزشییەکان هێندە زۆر و کارەساتباربوون، ڕەنگە بۆ هەتا هەتایە لەبیرنەکرێت.
ساڵی 2020 بۆ هەندێک لە وەرزشکاران و یانە وەرزشییەکان ساڵی سەرکەوتن بوو، بۆ زۆرینەی بوارە جیاوازەکانیش نەهامەتی دارایی بەدواداهات، پەتای کۆرۆنا ڕێگەینەدا تاموچێژی ڕاستەقینە لە دەستکەوت و نازناوەکان وەربگرین.
گرنگترین ڕووداوی 2020 بریتیبوو لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە جیهاندا، کە بەهۆیەوە تەواوی چالاکییە وەرزشییەکان ڕاگیران، چەندین وەرزشکار تووشی پەتا جیهانیەکە بوون و تەنانەت دوای دەستپێکردنەوەی چالاکییەکان لەژێر باری خۆپارێزیدا، نەتوانرا کێبڕکێکان بەهەمان گەرموگوڕی ساڵانی ڕابردوو کۆتاییان پێبهێنرێت، بەشێکی دانەبڕاو لە وەرزش کە هاندەرانن نەیانتوانی بینەری سەرکەوتنی یانەکانیان بن.
گرنگترین ڕووداوەکان بەم شێوەیە بوون:
کۆچی براینت و کچەکەی
لە مانگی کانونی دووەمی 2020 بەهۆی ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە تایبەتیەکەیەوە، کۆبی براینتی ئەفسانەی باسکەی ئەمریکا و کچەکەی گیانیان لەدەستدا.
سۆفیا کینن، چاوەڕواننەکراو
سۆفیا کینن، یاریزانی تێنسی سەرزەوی ئەمریکی لە تەمەنی 21 ساڵیدا و بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو نازناوی ئوسترالیای کراوەی بەدەستهێنا، کە یەکێکە لە نازناوە گەورەکانی بواری تێنس.
کۆرۆنا و دوورکەوتنەوەی هاندەران
مانگی شوباتی 2020 و دوای دەرکەوتنی یەکەمین حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا لە وڵاتانی ئەوروپا، سەرجەم چالاکییە وەرزشیەکان ڕاگیران و یاریزانان لە ماڵەکانیان کەرەنتینکران.
دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی (16 ئایار)
خولی پلە یەکی ئەڵمانیا “بوندس لیگا” یەکەم خولی تۆپی پێ بوو، بە پڕۆتۆکۆلی خۆپارێزی و دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتیەوە دەستیپێکردەوە و نۆ هەفتەی خایاند.
دوای 30 ساڵ (25 حوزەیران)
یانەی لیڤەرپوڵ دوای 30 ساڵ دابڕان و دوورکەوتنەوە لە نازناوە ناوخۆییەکان، نازناوی خولی نایابی ئینگلیزی بەدەستهێنا.
چامپیۆنزلیگ (23 ئاب)
یانەی لیڤەرپوڵ لە 23ی ئابی 2020 بە بردنەوەی بەرانبەر پاریس سانت جێرمان لە شاری لشبۆنەی پۆرتوگال، نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپای بەدەستهێنا،
یەکەم دەرکەوتن (20 ئەیلول)
تادیچ بوجاکار، کەمتەمەنترین باسکیڵسواربوو لە ساڵی 1909 تاوەکو ئێستا نازناوی تۆر دی فرانسی بەدەستهێنا،
برایسۆن دیچامبو (20 ئەیلول)
گۆڵفەری ئەمریکی، برایسۆن دیچامبو بۆ یەکەمجار لە تەمەنیدا نازناوی ئەمریکای کراوەی بۆ یاری گۆڵف بەدەستهێنا و تەنها شەش لێدانی ئاڕاستەکرد.
ژمارەی پێوانەیی (11 تشرینی یەکەم)
ڕافائێل نادالی تێنسزان و ئەفسانەی ئیسپانی نازناوی ژمارە 13ی ڕۆلاند گارۆسی بەدەستهێنا، ژمارەی نازناوە گەورەکانی گراند سلامی لە ژیانی وەرزشییدا گەیاندە (20 نازناو) و ڕۆجێ فێدرەری ئەفسانەی سویسری لە لوتکەدا گرتەوە.
پادشای چوار نازناو (11 تشرینی یەکەم)
لیبرۆن جەیمس، ئەستێرەی یەکەم و ئەفسانەی باسکەی ئەمریکا چوارەم نازناوی خولی یانە پیشوەرەکانی بەدرێسی لۆس ئەنجلس لەیکەرزەوە بەدەستهێنا.
ڕیکۆردی مێژوویی (25 تشرینی یەکەم)
شۆفێری بەریتانی تیمی مێرسیدس، لویس هامیڵتۆن ژمارەی سەرکەوتنەکانی لە کۆی ئەو پێشبڕکێیانەی ئەنجامیداوە لەبواری فۆرمولا وەن گەیاندە (92 بردنەوە)، ڕیکۆردی مایکڵ شوماخەری ئەفسانەی ئەڵمانیای شکاند.
کۆچی مارادۆنا (25 تشرینی دووەم)
لە تەمەنی 60 ساڵیدا، دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنای ئەفسانەی ئەرجەنتین و پاڵەوانی مۆندیالی 1986 کۆچی دواییکرد.
کۆچی ڕۆسی (9 کانونی یەکەم)
پاولۆ ڕۆسی، پاڵەوانی مۆندیالی 1982 و ئەفسانەی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا لە تەمەنی 64 ساڵیدا بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو کۆچی دواییکرد.