بافڵ جەلال تاڵەبانی قەڵغانی شکۆمەندی بە مستەفا چاوڕەش دەبەخشێت

سەرۆکی یەکێتی قەڵغانی شکۆمەندی، رێز و پێزانینی نیوسەدە پێشمەرگایەتی، خەباتی بێدابڕان و بەشداریی کاریگەری لە شۆڕشی نوێ وەک فەرماندە و قارەمانێکی گەلی کورد بەخشییە مستەفا چاوڕەش.

بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێم و ژمارەیەکی بەرچاو لە لێپرسراوانی حکومی، حزبی، ئەمنی، سەربازی، فەرماندە و ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە لە بارەگای فەرماندەیی گشتیی، رێوڕەسمی رێزلێنان و ماڵئاوایی بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکی مستەفا چاوڕەش لە فەرماندەیی هێزەکانی 70 بەڕێوەچوو.

لە رێوڕەسمەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە مێژووی پاک و پڕ لە سەروەریی هەڤاڵ مستەفا چاوڕەش کرد لە هەردوو شۆڕشی ئەیلول و نوێ و رایگەیاند، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دڵسۆزی و قارەمانێتیی هەڤاڵ مستەفا چاوڕەش و تێکۆشەرەکانی تری لەیادناکات، ئەوان رەمزی ئازایەتی و نموونەی باڵای خەبات و تێکۆشانن لەپێناو کوردستان و سەرفرازیی خەڵکەکەیدا.

لە درێژەی وتەکانیدا سەرۆک بافڵ رایگەیاند، کاک مستەفا چاوڕەش لە هەموو قۆناغەکانی خەبات و لە هەر ئەرک و بەرپرسیارێتییەکدا بووبێت، دڵسۆزانە ئەرکەکانی بەجێگەیاندووە و هەر ئەمەش وایکردووە جێگەی متمانە و خۆشەویستیی هەموولایەک بێت، هەربۆیە خۆمان بە قەرزاری ئەو مێژووە درەوشاوەیەی دەزانین و مایەی شانازییە کە هەرگیز لە رێگا راستەکەی خەبات لاینەدا.

هەروەها سەرۆک بافڵ سوپاسی تایبەتیشی کرد لە بەرامبەر هەوڵ و بەشداریی چالاکانەی لە رێکخستنەوەی هێزەکانی 70 کە رۆڵێکی دیار و بەرچاوی هەبووە.

هەر لە رێوڕەسمەکەدا جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێم لەوتەیەکدا بە رێز و پێزانینەوە ئاماژەی بە رۆڵی مستەفا چاوڕەش کرد لە خەباتی چەکداری بۆ سەرفرازیی کوردستان و بەشێکی گرنگبووە لە سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگە.

لیوا روکن عومەر ساڵح، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هێزەکانی 70 لە وتەیەکدا پێزانینی بۆ پشتیوانییە بەردەوامەکانی مستەفا چاوڕەش دەربڕی لە رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و رایگەیاند، هێزەکانمان دڵسۆزی و ماندوونەناسیی کاک مستەفا لەبیرناکەن و خۆمان بە قەرزاری ئەو تێکۆشەرە دەزانین.

لەبەرامبەردا مستەفا چاوڕەش پێزانینی بۆ ئەو رێزلێنانە دەربڕی و روونیکردەوە، گەورەترین شانازی لە ژیانیدا پێشمەرگایەتی و بەشداریکردن بووە لە خەباتی رزگاریخوازی گەلی کورد و رایگەیاند، تاوەکو تەمەن و ژیان رێگای بدات بەردەوام دەبێت لە درێژەدان بە رێبازی شەهیدان، خزمەتکردنی خەڵک و بەهەمان گڕوتینی جارانەوە خزمەتی رێبازەکەی سەرۆک مام جەلال دەکات.

لە کۆتایی رێورەسمەکەشدا چەندین خەڵاتی رێزلێنان پێشکەش بە مستەفا چاوڕەش کرا لە بەرامبەر رۆڵ و ماندووبوونی لە خزمەتکردنی هێزی پێشمەرگە و گەلەکەی.

بابەتی پێشتر

لە چاکسازیی ژنانی دهۆک زیندانیکراوێک گیانیلەدەستدا

بابەتی دواتر

مووچەی خانەنشینانی عێراق زیاددەکرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share