پەرلەمانتارێكی لیژنەی دارایی: هەفتەی داهاتوو پرۆژەیاسای بودجە ئامادە دەبێت بۆ دەنگدان

“هێشتا هیچ بڕگەیەك لە بەرژەوەندی یان دژی پشكی هەرێم یەكلانەبووەتەوە”

پەرلەمانتارێكی كورد لە لیژنەی دارایی دەڵێت، گفتوگۆكانی لیژنەكەیان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵی عێراق بەردەوامە و دەشڵێت، “پێدەچێت هەفتەی داهاتوو پرۆژەیاساكە ئامادە دەبێت بۆ دەنگدان”.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 18ی كانونی دووەم بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، كۆبوونەوەكانی لیژنەی دارایی بۆ تاووتوێكردنی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 بەردەوامن و بەنزیكەیی گفتوگۆ سەرەتاییەكان تەواوبوون، بەڵام لە كۆبوونەوە بەردەوامن.

ئەوەشی وت، “چەند لیژنەیەكی لاوەكی پێكهێنراون و ئەو لیژنانە لەگەڵ وەزارەت و دەستەكان كۆدەبنەوە و دواتر دەستدەكەینەوە بە پێداچوونەوە بە مادە و برگەكانی پرۆژەیاسای بودجە و هەمواری ئەوەی پێویستی بە هەمواكردن هەیە”.

دەربارەی پشكی هەرێمیش لە پرۆژەیاساكەدا شیروان میرزا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد “ئەوەی تائێستا هەیە تەنها گفتوگۆی سەرەتاییە و هێشتا هیچ بڕگەیەك لە بەرژەوەندی یان دژی پشكی هەرێم یەكلانەبووەتەوە و ماوە جارێ”.

خوێندنەوەی دووەمی پرۆژەیاساكە لە ئەنجومەنی نوێنەران كۆتایی هاتووە و ئەو پەرلەمانتارە ئەوەی خستەڕوو، پێدەچێت پرۆژەكە هەفتەی داهاتوو ئامادەبێت بۆ دواخوێندنەوە و دەنگدان لەسەری.

پێشتر بڕیاربوو شاندێكی سیاسیی هەرێم بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراق سەردانی بەغداد بكات، تا بتوانن پشكی هەرێم وەك چۆن لە پرۆژەیاساكەدا جێگیركراوە تێبپەڕێندرێت، بەڵام تائێستا هیچ بڕیارێكی فەرمی لەبارەی سەردانەكە و وادەكەیەوە نەدراوە و پەرلەمانتارەكەی لیژنەی داراییش وتی، “هیچ زانیارییەكمان پێنەگەیشتووە”.

لە 9ی ئەم مانگەدا ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی یەكەم و دوو ڕۆژ دواتریش خوێندنەوەی دووەمی بۆ پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 ئەنجامدا.

بە پێی پرۆژەیاساكە، کۆی قەبارەی بودجەی گشتیی عێراق دەگاتە 164 تریلیۆن دینار، بەڵام داهات 93 تریلیۆن دینارە و بڕی کورتهێنانەکەی 71 تریلیۆن دینارە.

لە پرۆژەكەدا پشكی هەرێمی كوردستان بە (13.904.012.452.000) دینار دیاریكراوە، بەڵام ئەگەری دەستكاریكردن و گۆڕانكاریكردن تیایدا هەیە.

بابەتی پێشتر

وەزیری بەرگریی توركیا لە بەغداد-ـە

بابەتی دواتر

قەڵادزێ.. شەڕە تەقە لەنێوان دوو بنەماڵەدا ڕویدا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

قائیمقامی سلێمانی: پێویسته‌ هه‌موومان پێكه‌وه‌ ڕێكاره‌كانی خۆپارێزی جێبه‌جێ بكه‌ین

قائيمقامی سلێمانی ڕایده‌گه‌یه‌نێت، ڤایرۆسی كۆرۆنا به‌ڵایه‌كی گه‌وره‌یه‌ و به‌رۆكی مرۆڤایه‌تی گرتووه‌ بۆیه‌ پێویسته‌ پێكه‌وه‌ ڕێكاره‌كانی خۆپارێزی جێبه‌جێ بكه‌ین…
Total
0
Share