مەسرور بارزانی: هەرێمی کوردستان ساڵێكی سه‌ختی به‌ڕێكرد

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان و جیهان به‌گشتی، ساڵێكی زۆر سه‌ختی به‌ڕێكرد و دەشڵێت، هیوادارم لایەنە سیاسییەکانی عێراق، چیتر ڕێگەنەدەن ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان، بکرێتە کارتێکی فشاری سیاسی.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە 31ی كانونی یەكەم بەبۆنەی ساڵی نوێی زایینی 2021 پەیامێكی بڵاوكردەوە و سەرەڕای پیرۆزبایی تیایدا هاتووە، هەرێمی کوردستان و جیهان به‌گشتی، ساڵێكی زۆر سه‌ختی به‌ڕێكرد، ئەویش بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتە ئابوورییە سەختەکانی و نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە لایەن کاربەدەستانی حکومەتی فیدراڵی لە بەغداد، کە لە ئەنجامدا قەیران و دۆخێکی دارایی سەخت و بارگرانییەکی زۆر لەسەر هاونیشتمانیانی هەرێم دروستبوو.

دەشڵێت، “ئێستا کە له‌سه‌ر بودجه‌ی 2021 له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق گه‌یشتووینه‌ته‌ ڕێککەوتن. هیوادارم ڕێککەوتنەکە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت و لایەنە سیاسییەکانی عێراق، چیتر ڕێگەنەدەن ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان، بکرێتە کارتێکی فشاری سیاسی لە دژی خەڵکی مافخوراوی کوردستان”. دووپاتیشی دەكاتەوە کە “هەرگیز دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانمان نابین”.

مەسرور بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، گەلی کوردستان خاوەن پرسێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە و قوربانییەکی زۆری لەم پێناوە داوە و قەوارەی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی خەبات و تێکۆشانی سەدان هەزار شەهیدە و پێویستە بە هەموومان داکۆکی لێ بکەین و بیپارێزین.

سەرۆكی حكومەتی هەرێم داواش لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان و خەڵکی کوردستان دەكات “هەموو جیاوازیی و ناکۆکییەک بەلاوەبنێن” و بەرگری لە خاک و قەوارەی فیدراڵی هەرێمی کوردستان و دەسکەوتەکان بکەن و یەکگرتووانە، ڕووبەڕووی هەموو هەڕەشەکان ببنەوە و داکۆکی لە مافە ڕەوا و دەستوورییەکانیان بکەن.

لە كۆتایی پەیامەكەشیدا مەسرور بارزانی جەخت لە “هەوڵە بەردەوامەکانمان بۆ درێژەدان بە چاکسازی و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و سەروەری یاسا و دادپەروەریی و سەقامگیرکردنی زیاتری ئاسایش و ئارامی” دەكاتەوە.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی نەوتی عێراق: بەرهەمی ڕۆژانەی گاز لە مانگی ڕابردوودا زیاتر لە دوو ملیار پێ سێجا بووە

بابەتی دواتر

ئێران 700 هەزار دۆلاری لە عێراق وەرگرتووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share