كەركوك.. داعش هێرشی بۆسەر هێزێكی سوپای عێراق ئەنجامدا

ماوەیەكە جموجوڵی چەكدارانی داعش لە ناوچەكەدا زیادیكردووە

چەكدارانی داعش هێرشێكیان بۆسەر خاڵێكی پشكنینی هێزەكانی سوپای عێراق لە قەزای دوبس سەر بە پارێزگای كەركوك ئەنجامدا.

بەپێی میدیاكان، هێرشەكەی داعش بۆسەر خاڵێكی پشكنین بووە لە دوبس، كە دەكەوێتە چوارچێوەی ئەرك و بەرپرسیارێتی فیرقەی هەشتی سوپای عێراق، تائێستا هیچ ئامارێك لەبارەی بوونی قوربانییەوە بڵاونەكراوەتەوە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا بەهۆی ئەگەری جموجوڵ و هێرشی چەكدارانی داعش، شەوی ڕابردوو هێزەكانی پێشمەرگە لە میحوەری پردێ خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

سەرچاوەیەكی بەرپرس لە هێزەكانی پێشمەرگە لە میحوەری پردێ بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، هێزەكانی پێشمەرگە لە میحوەرەكە خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

وتیشی، “ژمارەیەك لە هێزەكان جوڵەیان پێكراوە، ئەمەش بۆ ڕێگرییە لە ئەگەری هەر هێرشێكی پاشماوەی چەكدارانی داعش بۆ سەر پێشمەرگە”.

ماوەیەكە جموجوڵی چەكدارانی داعش لە ناوچەكەدا زیادیكردووە، هەر ئەوەش هۆكاری ئەو ڕێوشوێنەیە كە هێزەكانی پێشمەرگە گرتویانەتەبەر.

بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە 1ی ئایار گروپێكی داعش هێرشیان بۆ سەر سەنگەرێكی هێزەكانی پێشمەرگە لە بەرزاییەکانی نزیک گوندی پڕکان، لە سنوری میحوەری پێنج لە ڕۆژئاوای كەركوك ئەنجامدا و بەهۆیەوە سێ پێشمەرگە شەهید و دووانی دیكەش برینداربوون.

بابەتی پێشتر

سوریا داوای بەردانەوەی ئاوی فوڕات لە توركیا دەكات

بابەتی دواتر

جیف بیزۆس بایی 2.5 ملیار دۆلار پشكی ئەمازۆن دەفرۆشێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share