ئێران 700 هەزار دۆلاری لە عێراق وەرگرتووە

وەزیری وزەی ئێران ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنی عێراقی سەبارەت بە پارەی گازی سروشتی و کارەبا توانیویانە 700 هەزار دۆلار لە عێراق وەربگرنەوە.

ڕەزا ئەردکانیان، وەزیری وزەی ئێران لە دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیرانی ئێراندا دوێنێ 30 ی کانونی یەکەم، ڕایگەیاندووە، “ڕێککەوتنی باشمان لەگەڵ حکومەتی عێراق کردووە و ئەو پارەیەی کە عێراق قەرزارە دەکرێت بە یۆرۆ و پاشان بە یۆرۆ مامەڵەی پێوەدەکرێت”.

کۆماری ئیسلامی ئێران بەهۆی ئەو سزا ئابورییەی کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ خستوویەتییە سەری ناتوانێت ڕاستەوخۆ لە بانکە جیهانییەکاندا مامەڵە بە دۆلار بکات و بەناچاری ئەو پارەیەی کە لای عێراقە دەبێت بە یۆرۆ وەربگرێت یان عێراق خەرجی مامەڵەیەکی نێودەوڵەتی بۆ ئێران بکات لەوانە کڕینی ڤاکسینی کرۆنا.

وەزیری وزەی ئێران ئاشکرایکردووە، “ڕۆژانە لەگەڵ شاندی عێراقی لە گفتوگۆدا دەبن، بۆ بەڕێوپێشچونی ئەو ڕێککەوتنە ئابورییەی لەگەڵیاندا کراوە”.

بە وتەی ڕەزا ئەردکانیان، لە سەردانەکەیاندا بۆ عێراق لەبارەی کۆنفرانسی هاوکاریی ئابوری نێوان ئێران و عێراق گفتوگۆیان کردووە و بڕیارە کۆنفرانسەکە لە تارانی پایتەختی ئێران بەڕێوەبچێت.

بە پێی ئەو ڕاپۆرتەی شاندی ئێران بۆ عێراق داویانە بە ئەنجومەنی وەزیرانی ئێران، ئەو وڵاتە دوو پڕۆژەی ئابورییان لەگەڵ عێراق واژووکردووە و بڕیارە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ڕۆژی سێشەممە، 29 ی کانونی یەکەم، ڕەزا ئەردکانیان لەگەڵ شاندێکی وڵاتەکەی کە پێکهاتبوو لە نوێنەری بانکی ناوەندی و وەزارەتەکانی نەوت و پیشەسازی، گەیشتنە بەغداد و چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ چەند وەزیرێکی عێراقی و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەنجامدا.

بابەتی پێشتر

مەسرور بارزانی: هەرێمی کوردستان ساڵێكی سه‌ختی به‌ڕێكرد

بابەتی دواتر

چین مۆڵەتی بەکارهێنانی یەکێک لە ڤاکسینەکانی وڵاتەکەی دەرکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share