ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەی خستەڕوو، “حکومەت و بانکی ناوەندی کاردەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی دۆلار بە یەکجاری و بۆ هەمیشە”.
موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، “حکومەت و بانکی ناوەندی کاردەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی دۆلار بە یەکجاری و بۆ هەمیشە دەکرێت و پێشکەوتنی گەورەش لەم کارەدا بەدی دەکرێت و کۆنترۆڵی بازاڕیش دەکات”.
ئەوەشی خستەڕوو، “پێشبینی دەکەین لە ساڵی نوێدا نرخی دۆلار دابەزینێکی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەهای دیناری عێراقی، بەتایبەتی لەگەڵ بوونی بڕیار و ڕێنماییەکانی حکومەت بۆ چارەسەرکردنی هەموو هۆکارەکانی قەیرانی دۆلار، هاوکات پێشبینیش دەکەین کە سەقامگیری ئابووری و دارایی لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە عێراق بگرێتەوە”.
پێشتر بانکی ناوەندیی عێراق ڕاگەیاندبوو، “لە 1ی 1ی 2024ەوە، لە دوایین هەوڵدا بۆ سنووردارکردنی خراپبەکارهێنانی یەدەگی دراوی وڵات لە تاوانە داراییەکان و خۆدزینەوە، دەرهێنان و مامەڵەکردن بە دۆلاری نەختینە قەدەغەدەکرێت”.