قوباد تاڵەبانی: ئەفسەران و پلە باڵاکانی وەزارەتی پێشمەرگە دەبێت وەک یەک تیم کاربکەن

بەئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، شۆڕش ئیسماعیل گەڕایەوە بۆ ئەرکەکەی وەک وەزیری پێشمەرگە.

بەبۆنەی گەڕاندنەوەی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، لە کۆبوونەوەیەکدا کە ئەمڕۆ لە دیوانی وەزارەت، بە ئامادەبوونی بریکاری وەزیر و سەرۆکی دەستەی ئەرکان و ئەمینداری گشتی و ژمارەیەک لە ئەفسەرانی پلە باڵای وەزارەت بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی جەختی لەوە کردەوە دەبێت گلەیی و ناکۆکییەکان وەلابنرێت و پێکەوە وەک یەک تیم کار بکەن.

وتیشی، “ئاساییە ناکۆکی هەبێت لەنێوان لایەنە سیاسییەکان بەڵام بەهیچ شێوەیەک نابێت ئەو ناکۆکییانە لەناو وەزارەت رەنگبداتەوە، ئەفسەران و پلە باڵاکانی وەزارەت دەبێت وەک یەک تیم بە شێوەیەکی پیشەییانە پێکەوە کاربکەن”.

جێگری سەرۆکی حکومەت، ئاماژەی بە گرنگی جێبەجێکردنی خاڵەکانی پرۆسەی چاکسازی و رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی کرد و ئەوەی خستەڕوو، “هاوکاری و هەماهەنگی هاوپەیمانان بەرز دەنرخێنین و بۆ لەمەولا نابێت پرۆسەی چاکسازی بە خاوی و لاوازی بەڕێوەبچێت”، داواشیکرد ئەفسەران و پلە باڵاکانی وەزارەت بە روحی هەستکردن بە ئەرکی نیشتمانی کار بکەن لەپێناو جێبەجێکردنی هەموو خاڵەکانی چاکسازی.

دواتر شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، ئاماژەی بەوەکرد، پێویستیی بە پشتیوانی هەموو لایەکە لەپێناو سەرخستنی کاروباری وەزارەت، دوور لە ململانێی سیاسی، وتیشی، “کاری وەزارەت و هێزەکانی پێشمەرگە پیرۆزە و دەبێت لێکتێگەیشتنمان هەبێت بۆ باشتر بەجێگەیاندنی ئەرکەکانمان”، جەختی لەوەش کردەوە لە قۆناغی داهاتوو کاری باشتر دەکرێت وەک یەک تیم.

بابەتی پێشتر

وەزیری پێشمەرگە دەستی بە کار کردەوە

بابەتی دواتر

عێراق چارەنووسی ئەو پارانەی ئاشکراکرد کە لە سپیکردنەوەی پارەدا دەستیانبەسەردا گیراوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share