وتەبێژی حكومەتی هەرێم دوا زانیاری لەبارەی هەوڵەكان بۆ ناردنی 700 ملیار دینارەكەی بەغداد بۆ مووچە دەخاتەڕوو.
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، حكومەتی هەرێم نووسراوی فەرمی بۆ بەغداد كردووە بۆ ناردنی 700 ملیار دینارەكە بەمەبەستی دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
سەبارەت بە مووچەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵیش هەورامانی وتی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە پەیوەندی راستەوخۆدایە لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی حكومەتی ناوەند بۆ دابینكردنی مووچەی ئەو سێ مانگە.
دوێنێ فازڵ نەبی، بریكاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق لە لێدوانێكیدا رایگەیاند، حكومەتی هەرێم نووسراوی بۆ سێ مووچە نەدراوەكەی ئەمساڵی مووچەخۆرانی هەرێم كردووە، بەڵام تائێستا حكومەتی عێراق وەڵامی نەبووە.
سەبارەت بە 700 ملیار دینارەكەش هەر دوێنێ نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق چاوەڕوانی (میزانی مراجعە)ی مانگی 10 دەكات بۆ ئەوەی 700 ملیار دینارەكە بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت.