پەیامی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ كەركوكییەكان

پەیامی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە رێورەسمی ناساندنی كاندیدانی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە لەلایەن ئاسۆ مامەند سەرۆكی قەوارەی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە خوێندرایەوە.

دەقی پەیامەكەی سەرۆك بافڵ:

ئامادەبووانی بەڕێز

سڵاوی سەركەوتنی هاوپەیمانیی (كەركوك هێز و ئیرادەمانە) لە ئێوەی خۆشەویست دەكەم.

خۆشەویستان

هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە، هاوپەیمانیی رەسەنی شاری كەركوك و كەركوكییە سەربەرزەكانە بە هەموو نەتەوە و پێكهاتەكانییەوە و بەرنەماكەشمان لەپێناو قووڵكردنەوەی ئەو تەبایی، پێكەوەژیان و ئاوەدانكردنەوەی شارە خۆشەویستەكەدایە.

ئێمە هەمیشە باوەڕی تەواومان بە هاوبەشیی و كاری پێكەوەیی هەبووە، ئەقڵییەتی خۆفەرزكردنمان لە بڕیار و بەڕێوەبردندا رەتكردووەتەوە و ویستوومانە هەموومان پێكەوە خزمەتی كەركوكی قودسی كوردستان بكەین و ئێستاش هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە، كۆتایی بەو سەردەمە دەهێنێت و چیتر بڕیار بۆ كەركووكییەكان نادرێت، بەڵكو خۆیان بڕیاردەر دەبن، چارەنووسی خۆیان هەڵدەبژێرن و شەڕ لەپێناو مافەكانیان دەكەن.

ئێمە مێژوویەكی درێژمان لەگەڵ خۆڕاگری و قارەمانێتیی كەركوكییە سەربەرزەكان هەیە، بۆیە دڵنیام ئێستاش بە هەمان ئیرادە و رۆحییەتەوە، بەرەو سندووقەكانی دەنگدان دەچن و ژمارە 142 ی هاوپەیمانییەكەی خۆتان هەڵدەبژێرن، وە دەیسەلمێنن ئێوەن شەڕە راستەقینەكە بۆ كەركوك دەكەن و لە قەڵا دێرینەكەی خۆتانەوە مژدەی سەركەوتن بەگوێی هەموواندا دەدەن.

ئێمە كەركووكمان لە دڵماندا هەڵگرتووە، كەركووك هێڵە سوورەكەی ژیانی سیاسی و حزبیمانە، وەكچۆن لەرابردوودا خوێنمان بۆ رشت، لە داهاتووشدا هەر خۆمان پارێزەرە دڵسۆز و راستەقینەكەی دەبین.

پێكەوە لەگەڵ ئێوەی دڵسۆز رووبەڕووی ئاڵنگارییەكان دەبینەوە و بەرامبەر مەترسییەكان دەوەستینەوە، تەعریب ریشەكێش دەكەین و خەونی بەدینەهاتووی دوژمنانی كەركوك لەباردەبەین، بۆ ئەمەش پێویستە دەنگ بە هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە بدەن و قەڵغانێكی پتەوبن بۆ پاراستنی ئەو ئاشتی و پێكەوەژیانەی سەرۆك مام جەلال بناغەدانەری بوو و ئێمەش درێژەپێدەری دەبین.

بەڵێ بۆ سەركەوتن و دەنگدان بە هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە

بەڵێ بۆ ئاشتی و ئاوەدانی

سەربەرزی و سەرفرازیش بۆ ئێوەی خۆشەویست

بافڵ جەلال تاڵەبانیسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

بابەتی پێشتر

رێبوار تەها: بەڵێن دووپاتدەكەینەوە دەبینە قەڵغانێك بۆ بەرگریكردن لە خەڵكی كەركوك

بابەتی دواتر

دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران دواخرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share