بەڵگەنامەیەكی نهێنی:
بەریتانیا سڵی لە شەڕی سەدام و بیری لە پشتكردنە كورد كردوەتەوە

دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕوداوەكانی 31ی ئابی 1996

بەڵگەنامەیەكی حكومەتی بەریتانیا كە ئەمڕۆ پەردەی لەسەر لادرا ئاشكرایدەكات شانشینی یەكگرتوو لە سەردەمی جۆن مێجەر-دا سڵی لە ئەگەری “خزان بۆ نێو جەنگێكی دیكە” بە سەرۆكایەتی ویلایەتە یەكگرتووەكان دژ بە عێراق كردووەتەوە و، وازهێنانی لە هاوپەیمانە كوردەكانی تاوتوێكردووە.

ئەرشیفی نیشتیمانی ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی كانونی یەكەم بۆ جاری یەكەم ئەم نامە نهێنییەی ئاشكراكرد كە بە یەكێك لە ژمارەیەك بەڵگەنامە دەدەنرێت كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی دوای ویلایەتی جۆن مێجەر،ی سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا لە نێوان 1995 و 1997.

جۆن هۆڵمز، سكرتێری تایبەتی مێجەر هۆشداری ئەوەیداوە كە “ئەمریكییەكان هەوڵ بۆ وەڵامێكی سەربازی بەرفراوان دەدەن” ئەگەر هێزەكانی سەدام حسێن دەست بەسەر ناوچە كوردییەكان لە باكووری عێراقدا بگرن.

نامەكە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕوداوەكانی 31ی ئابی 1996 لە هەرێمی كوردستان كە تیایدا هێزەكانی سوپای عێراق هێرشیانكردەسەر شاری هەولێر و ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان.

بە دیاریكراوی نامەكە لە مانگی تشرینی دووەمی 1996 بەر لە كۆبوونەوەی دوو قۆڵی لەگەڵ وارن كریستۆڤەر، وەزیری دەرەوە لە سەردەمی بیل كلینتۆن، سەرۆكی ئەوكاتی ئەمریكا نوسراوە و تیایدا هاتووە كردەیەكی سەربازیی لەو جۆرە “ناتوانین بە ئاسانی پشتیوانی بكەین”، وەك ئەوەی فڕانس پرێس بڵاویكردوەتەوە.

ئەمەش لەكاتێكدایە ناوچەی ئارام و دژە فڕین كە بەشێك لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی دەگرتەوە ئەوكات بە پشتیوانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی كە لەنێوانیاندا بەریتانیا هەبوو پێكهێنرا.

هۆڵمز سەبارەت بە ئەگەری شەڕ و ڕوبەڕوبوونەوەی هێزەكانی سوپای سەدام نوسیویشیەتی، “ئەمە پێدەچێت ئاستەنگێكی سیاسی گەورە بێت بۆمان” ئەوەش دەڵێت، “رەنگە كارە ڕاستەكە بۆ ئێمە و ئەمریكییەكان ئەوەبێت كە واز لە باكووری عێراق بهێنین” كە لێرەدا مەبەست لێی وازهێنانە لە كورد لە ئەگەری ئەو ڕوداوانەی بەهۆی هێرشەكەی سوپای عێراقەوە ڕودەدەن.

یاداشتەكە ئاشكرایدەكات كە لەندەن نیازی نەبووە لەو كاتەدا كاری سەربازی زیاتر لەسەر ئاستی فراوان ئەنجامبدات.

هۆڵمز ئاماژەی بەوەشكردووە كە ویلایەتە یەكگرتووەكان ناتوانێت بچێتە نێو جەنگێكی لەو جۆرەوە.

نوسیویشیەتی كە وازهێنان لە باكووری عێراق “سەرشۆڕانە” دەبێت بەڵام “ڕەنگە هیچ بژاردەیەكی دیكەمان نەبێت.. هیچ یەكێك لە ئێمە ئامادەنییە بۆ خستنەگەری هەوڵی سەربازیی ڕاستەقینە یان فەراهەمكردنی سەرچاوە بۆ وەستاندنی سەدام لە باكوور، هاوپەیمانی تێكدەدەین ئەگەر هەوڵ بۆ ئەو هەنگاوە بدەین”.

لە هەمان كاتدا هۆڵمز ڕێنوێنی ئەوەی كردووە كە ئیدارەی كلینتۆن لەو پرسە ئاگادارنەكرێتەوە و نوسیویەتی، “داننان بە بێتواناییمان لە پشتیوانیكردنی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە بارودۆخی پێشبینیكراوی ئایندەدا زۆر ئەستەم دەبێت”.

مارگرێت تاچەر بەر لە مێجەر سەرۆكایەتی حكومەتی بەریتانیای دەكرد ئەوكاتەی جەنگی یەكەمی كەنداو وەك وەڵامی داگیركردنی كوەیت لەلایەن عێراقەوە لە ساڵی 1990 هەڵایسا.

مێجەر سەرۆكایەتی وەزیرانی لە تشرینی دووەمی 1990دا گرتەدەست و سەرۆكایەتی وڵاتی كرد لەو جەنگەدا كە بریتی بوو لە بەشداری هێزەكانی بەریتانیا هاوشانی ویلایەتە یەكگرتووەكان و ژمارەیەك وڵاتی دیكە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە عێراق تا شوباتی 1991.

دواتریش پارتی كرێكارانی بەرهەڵسكار بە سەرۆكایەتی تۆنی بلێر سەركەوتنێكی گەورەی لە هەڵبژاردنەكانی 1997 لە بەرامبەر پارتەكەی مێجەری پارێزگار و دەسەڵاتدار بەدەسهێنا.

لە 2003ش بلێر پشتیوانی جۆرج بۆش-ی كوڕی كرد لە هێرشكردنەسەر عێراق، ئەو شەڕەی لە كۆتاییەكەیدا بووە هۆی دەستگیركردنی سەدام و دواتریش سزادان و لەسێدارەدانی لە كۆتاییەكانی ساڵی 2006دا.

بابەتی پێشتر

ئەو هۆکارانەی وادەکەن هەمیشە هەست بە سەرما بکەیت

بابەتی دواتر

ئێران خێزانی قوربانیانی فڕۆكە ئۆكرانییەكە بە 150 هەزار دۆلار قەرەبوو دەكاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

كەركوك.. كەسێك كوژرا

شەوی ڕابردوو لە شاری كەركوك كەسێك درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و كوژراوە. پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا لە كەركوك…
Total
0
Share