ئاژانسی دەرمانی بەریتانی گڵۆپی سەوزی بۆ ڤاكسینێكی دژە بە كۆرۆنا هەڵكرد كە لەلایەن كۆمپانیای ئەسترازینیكا بە هاوكاری لەگەڵ زانكۆی ئۆكسفۆرد پەرەیپێدراوە و دەسەڵاتدارێتی ئەو وڵاتە دەیەوێت لەڕێیەوە ئەو هەڵمەتە خێرابكات كە سەرەتای ئەم مانگە دەستیپێكردووە.
وتەبێژ بەناوی وەزارەتی تەندروستی بەریتانیا ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی كانونی یەكەم وتی، حكومەتی وڵاتەكەی ڕەزامەندی نیشانداوە لەسەر پێشنیاری ئاژانسی ڕێكخستنی دەرمان و بەروبوومە كشتوكاڵییەكان بۆ ڕێگەدان بە بەكارهێنانی ڤاكسینی زانكۆی ئۆكسفۆرد/ ئەسترازینیكا دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ.
وەزارەتەكە ئاماژەی بەوەشكرد، ڤاكسینەكەی ئۆكسفۆرد كاریگەری دژ بە جۆرە نوێیەكەی ڤایرۆسی كورۆناش سەلمێندراوە، كە بەمدواییە لە شانشینی یەكگرتوو و ژمارەیەك وڵاتی دیكەدا دەركەوت و، بە خێرایی لە بڵاوبوونەوە جیادەكرێتەوە.
بەر لە چەند ڕۆژێك باسكال سوریۆت، سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای ئەسترازینیكا وتی، بەپێی داتا نوێیەكان ڤاكسینەكەیان هاوشێوەی مۆدێرنا و فایزەر كاریگەرە و پارێزگاری بۆ 95%ی نەخۆشان فەراهەم دەكات.
لای خۆیەوە بۆریس جۆنسۆن، سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا لە تویتێكدا ڕەزامەندی نیشاندانی لەسەر بەكارهێنانی ڤاكسینەكەی ئۆكسفۆرد بە “هەواڵێكی خۆش” ناوبرد و وتی، سەركەوتنە بۆ زانست لە بەریتانیا و ئاماژەی بەوەشكرد كە “دەست بە پێدانی بە ژمارەیەكی زۆری خەڵك دەكەن لە خێراترین كاتدا”.
نرخی دۆز (جرعە)یەك لە ڤاكسینەكە دەگاتە (2.7) دۆلار، لەكاتێكدا نرخی ڤاكسینی مۆدێرنا لەنێوان (32 بۆ 37 دۆلار) و فایزەریش لە نزیكەی 20 دۆلاردایە.
ڤاكسینی فایزەر پێویستی بە پاراستن و هەڵگرتن لە ساردكەرەوەدا هەیە لە پلەی 70ی ژێر سفر، هەروەك دەتوانرێت چوار جار لە زنجیرەی ساردكردنەوەدا بگوازرێتەوە بەر لە بەكارهێنانی، لەكاتێكدا ڤاكسینەكەی ئۆكسفۆرد دەتوانرێت لە نێوان 2-8 پلەی سەدی هەڵبگیرێت.