پارێزگاری سلێمانی لەپەیامێكدا رایدەگەیەنێت، بەرپرسیارین بەرامبەر هەر وشەیەك كە وتبێتمان یان نووسیبێتمان، بەڵام لەو شتانە بەرپرسیارنین كە لەتوپەت و كەرتوپەرت دەكرێن و وشكدەكرێنەوە و لە مانا و ناوەڕۆك و كۆنتێكستی خۆیان دادەماڵرێن و دووردەخرێنەوە و دەشڵێت، “ئێمە لەگەڵ ڕازیی و ناڕازیدا نین، لەگەڵ ڕاست و ڕەوا و لۆژیك و دادگەرییداین”.
د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك لەژێر ناوی “بۆ هەمووان لە هەر كوێیەك هەن” بڵاویكردووەتەوە و دەڵێت، لەسەر هەر بابەتێك دەدوێم، یان دەنووسم، ئەگەر دەتانەوێت لە راستیی بابەتەكە و ناوەڕۆكەكەی دڵنیابن، بچنەوە سەر كۆی بابەتەكە خۆی، نەك لەو سەرەدێڕ و سەرەپارچە و هەندێك لەو گرافیكانەوە لێی بڕوانن كە هەندێك كەس و لا و لایەن و میدیا، بە مەبەست یان بێمەبەست، لە بابەتەكەی دەبڕن و دادەبڕن و بۆڵبژێرانە دەریدەهێنن و بڵاویدەكەنەوە، ئێوەی خۆشەویستیش بەلاڕێدادەبەن.
راشیگەیاندووە، “ئێمە بەرپرسیارین بەرامبەر هەر وشەیەك كە وتبێتمان یان نووسیبێتمان، بەڵام لەو شتانە بەرپرسیارنین كە لەتوپەت و كەرتوپەرت دەكرێن و وشكدەكرێنەوە و لە ماناو ناوەڕۆك و كۆنتێكستی خۆیان دادەماڵرێن و دووردەخرێنەوە، یان دەشوێندرێن و دەچنرێن، بەشێك نین لە بابەتاكانی ئێمە”.
دەشڵێت، “ئێمە لەگەڵ ڕازیی و ناڕازیدا نین، لەگەڵ ڕاست و ڕەوا و لۆژیك و دادگەریی و چاكەی گشتیی و بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵك و خاكەكەی خۆمان و ستراتیژ و ئاسایشی نیشتمانیمانداین و هەر كات ویستتان ڕوونی و ڕاستی هەڵوێست و ئامادەبوون و ڕاو بڕیارەكانمان بزانن، بچنەوە سەر سەرچاوە سەرەكییەكەی نەك دەستی دوو و دە و هەزار، سوپاس بۆ هەموو ئێوەی خۆشەویست، لە هەر كوێیەك هەن”.