راوێژكارێكی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، محەمەد شیاع سودانی دەیەوێت كێشەكانی هەرێم و بەغداد چارەسەربن و بڕگەكانی تایبەت بە یاسای بودجە هەمواربكرێنەوە و مووچە و بودجە بۆ هەرێم رەوانەبكرێت.
د. حسێن عەلاوی راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، سۆمۆ و لیژنەكان بە دواداچوون بۆ بۆرییەكان دەكەن سەبارەت بە ئامادەكارییەكان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و جگەلەوەش سەرۆك وەزیرانی عێراق دەیەوێت داهاتە دارارییەكانی عێراق زیادبكرێن.
راوێژكارەكەی سودانی جەختیكردەوە كە سەرۆك وەزیرانی عێراق دەیەوێت كێشەكانی هەرێم و بەغداد چارەسەربن و بڕگەكانی تایبەت بە یاسای بودجە هەمواربكرێنەوە بە جۆرێك كە بتوانرێت بودجە و مووچە بنێرێت بەپێی رێوشوێنە یاساییەكان و دانوستانیش بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بەردەوامن.
وتیشی، “لە ئێستادا كار بۆ ئامادەكردنی رەشنووسی یاسای نەوت و گاز و پەسەندكردنی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەكرێت”.