بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، بە تۆمەتی فریودانی هاوڵاتییان و ئەنجامدانی نوشتە و جادوو 19 كەسی دەستگیركرد.
بەپێی راگەیەندراوێكی دەزگای ئاسایشی هەرێم كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، هێزەكانی ئاسایش دوای لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی ورد، لەپێناو پاراستنی ئاسایشی كۆمەڵایەتی و رێگریكردن لە فریودانی هاوڵاتییان، لەچەند رۆژی رابردوودا بە بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش لەچەند هەڵمەتێكدا 19 كەسیان بە تۆمەتی ئەنجامدانی كاری نووشتە و جادوو دەستگیركرد.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لە كاتی دەستگیركردنیاندا دەستگیرا بەسەر سەرجەم ئەو كەلوپەلانەی كە بۆمەبەستی نووشتەكردن و هەڵخەڵەتاندنی هاوڵاتییان بەكاریانهێناوە بۆ دەستكەوتنی بڕێك پارە.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، لە ئێستادا سەرجەم تۆمەتباران بە ماددەی 456 لە یاسای سزادان راگیراون و لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكانیان بەردەوامە.