بەرپرسی ناوەندیی یاسایی یەکێتی: ئێستا هەرێم لە غیابی دەسەڵاتی یاساداناندایە

بەرپرسی ناوه‌ندیی یاسایی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایدەگەیەنێت، “‌ئێستا هه‌رێمی كوردستان له‌ غیابی ده‌سه‌ڵاتی یاساداناندایه ‌و پێویسته‌ به‌ زووترین كات هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامبدرێت”.

ته‌لار له‌تیف، بەرپرسی ناوه‌ندیی یاسایی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌سه‌روتاری ژماره حەوتی گۆڤاری ناوه‌ندی یاساییدا ئاماژە بەوە دەکات، “یه‌كێك له‌پایه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی دیموكراسی هه‌ڵبژاردنه‌، هه‌ڵبژاردنیش بۆ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ربێت پێویستی به‌ یاسای گونجاو و وشیاری هه‌یه‌، نابێت لایه‌نێك بودجه‌یه‌كی گه‌وره‌ و زه‌به‌لاح بۆ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كان ته‌رخان بكات به‌تایبه‌تیش بودجه‌یه‌ك كه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی دیار نه‌بێت یاخود پاره‌ی نه‌وت و ماڵی گشتی بێت”.

ئەوەشی خستۆتەڕوو، “ده‌بوو كورد به‌ یه‌ك لیست به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق بكردایه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی یەکێتی داوای ده‌كرد، بۆئه‌وه‌ی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن دژیه‌ك نه‌بێت و ده‌نگه‌كانی كوردیش په‌رته‌وازه‌ و به‌فیڕ‌ۆنه‌چێت”.

سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی هەرێم، بەرپرسی ناوه‌ندیی یاسایی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان دەڵێت، “به‌هۆی ته‌واوبوونی واده‌ی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مان، ‌ئێستا هه‌رێمی كوردستان له‌ غیابی ئه‌و دامه‌زراوه‌ گرنگه‌دایه‌ و ده‌توانین به‌ راشكاوی بڵێین هه‌رێم بێ ده‌سه‌ڵاتی یاسادانانه‌، بۆیه‌ پێویستده‌كات به‌ زوویی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مان ئه‌نجامبدرێت”.

بابەتی پێشتر

دوو کەس بە تۆمەتی ئەنجامدانی نوشتە و جادو دەستگیرکران

بابەتی دواتر

دژەتیرۆر لە چلەی شەهیدبوونی سێ ئەندامیدا راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share