سەندیكای پارێزەرانی كوردستان روونكردنەوەیەك لەبارەی فەتوایەكی ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێمی كوردستان بڵاودەكاتەوە و دەڵێت،”پێمانووایە لەیەك تێنەگەیشتنێك هەیە و پرسیارەكە وەكو خۆی و بە تەواویی لایەنەكانی بە بەڕێزان ئەندامانی ئەنجومەنی فەتوا نەگەیشتووە.
بەپێی روونكردنەوەیەكی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، ئەنجومەنی باڵای فەتوای یەكێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی كوردستان لە 24ی 10ی 2023 فەتوایەكی بڵاوكردووەتەوە كە ئەنجومەن بە كۆی دەنگی ئەندامەكانی پێیان وابووە كە وەرگرتنی كرێی ماندوبوونی پارێزەرایەتی (أتعاب المحاماە) لەو كەسەی كە هەموو دەعواكەی یان بەشێكی دۆڕاندووە حەرامە و پێویستە پارێزەران وەرینەگرن با دادگاش دیاریبكات و پێی بدات.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئێمە لە سەندیكای پارێزەرانی كوردستان، پێمانووایە لەیەك تێنەگەیشتنێك هەیە و پرسیارەكە وەكو خۆی و بە تەواوی لایەنەكانی بە بەڕێزان ئەندامانی ئەنجومەنی فەتوا نەگەیشتووە و ماندووبوونی پارێزەرایەتیی بە گوێرەی یاسای پارێزەرایەتیی و یاسا بەركارەكان دیاریكراوە كە لە سەرچاوەی شەریعەتی ئیسلامی و عورفی كۆمەڵگەی كوردەواریی و یاساكانی هاوشێوەی پارێزەرایەتیی وڵاتانی ئیسلامییەوە هاتووە كە زۆرینەی موسڵمانن و پابەندن بە پرنسیپەكانی ئیسلامەوە.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، لە رۆژانی داهاتوودا لەگەڵ بەڕێزان سەرۆك و ئەنجومەنی فەتوا لەسەر هێڵ دەبین و بابەتەكەیان بە تەواویی بۆ رووندەكەینەوە و بەرچاو روونیان لەو بارەیەوە پێرادەگەیەنین.