لە ئەمڕۆوە کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕەویی خاڵ بۆ خاڵ لە شەقامی 100 مەتری هەولێر وەکو تاقیکردنەوە کەوتنەکار.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، سەرجەم شوفێران و هاوڵاتییان ئاگاداردەکەینەوە، لە ئەمڕۆوە کە دەکاتە 25ی تشرینی یەکەم تاکو رۆژی 1ی تشرینی دووەم، کاتژمێر 12ی شەو، سەرجەم کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ بە درێژایی ڕێگای هەولێر – پیرمام، لە بازگەی هەولێر تاکو پشت تونێلی پیرمام وەکو تاقیکردنەوە، بەکاردەخرێن.
دەشڵێت، “لەدوای ئەو بەروارە واتا لە 2ی تشرینی دووەمەوە سەرپێچییەکان تۆماردەکەن، داوا لە هەمووان دەکەین بۆ پاراستنی خۆیان و ئازیزانیان و سەروماڵیان، پابەندی ڕۆیشتن بن بەخێرایی دیاریکراوەوە”.
لە راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێردا هاتووە، لەسەر ڕێگای هەولێر – پیرمام ئەوپەڕی خێرایی 100 کیلۆمەترە بۆ ئۆتۆمبێلە ساڵۆنەکان و 80 کیلۆمەترە بۆ بارهەلگرەکان، بێجگە لەناو تونێلەکە کە ئەوپەڕی خێرایی تێیدا 70 کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا.