وەزیری دارایی هەرێم رایدەگەیەنێت، ئامادەكارییمان كردووە بۆ هەمواری ئەو بڕگە و ماددانەی یاسای بودجە كە تایبەتن بە ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و دەشڵێت، “لە قۆناغی داهاتوودا فەرمانبەرانی كەرتی تایبەت هەژماری تایبەت بە خۆیان لە پڕۆژەی هەژماری من بۆ دەكرێتەوە”.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی هەرێم كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری لەگەڵ شاندێكی كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر كۆبووەوە و لە دیدارێكدا باس لە دوایین سەردانی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغداد و ئامادەبوونیان لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كرا و وەزیری دارایی رایگەیاند، “توانیوویانە بۆ سێیەمجار داتاو ژمارەی مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێم لە رێگای دیوانی چاودێریی داراییەوە بۆ حكومەتی عێراق پشتڕاستبكەنەوەو خەرجی و داهاتەكانیش بە راپۆرتێكی ورد و پڕ زانیاری پێشكەشبكەن.
ئاوات جەناب نوری راشیگەیاند، “وەك وەزارەتی دارایی هەرێم ئامادەكاریمان كردووە بۆ هەمواری ئەو بڕگە و ماددانەی یاسای بودجە كە تایبەتن بە ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان.
هەر لە دیدارەكەدا وەزیری دارایی كورتەیەكی لەسەر هەنگاوەكانی پڕۆژەی هەژماری من بۆ شاندەكە خستەڕوو ڕایگەیاند (هەژماری من) پرۆژەیەكی گرنگە بۆ چاكسازی و پەیڕەوكردنی شەفافییەت لە قۆناغی داهاتوودا فەرمانبەرانی كەرتی تایبەتیش هەژمارەكەیان بۆ دەكرێتەوە.