لە ساڵی 2020دا پەرلەمانی كوردستان تەنها 90 كاتژمێر دانیشتنی هەبووە

پەرلەمانی كوردستان وەك تاكە سەرچاوەی یاسادانان لە ساڵی 2020دا، تەنها پێنج یاسای دەركردووە و كەمتر لە 25 دانیشتنی هەبووە.

لەبارەی هەڵسەنگاندنی ئەدای پەرلەمان لە ساڵی 2020دا، بەشێك لە پەرلەمانتاران ڕەخنەی توند لە ئەدای ئەنجومەنەكەیان دەگرن و بە “لاوازترین” خول ناوی دەبەن.

ئەدای پەرلەمانی كوردستان بە ژمارە

ئینستتیوتی‌ په‌ی ڕاپۆرتی چاودێریی پەرلەمانی كوردستانی ئامادەكردووە، تیایدا تەواوی ئەدای پەرلەمانی بە ژمارە خستوەتەڕوو.

بابان جەعفەر، بەڕێوبەری پرۆژەی چاودێریی پەرلەمان لە ڕێكخراوەكە بەشێكی زانیاری نێو ڕاپۆرتەكەی بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا خستەڕوو و ڕایگەیاند، “پەرلەمانی كوردستان دوو خولی دانیشتنەكانی تەواوكردووە لە ساڵی 2020دا كە خولی بەهارە و خولی پایزە بوون”.

ئاماژەی بەوەشكرد، “لەو دوو خولەیدا لە 1ی ئازارەوە تا 30ی تشرینی دووەم، پەرلەمانی كوردستان 18 دانیشتنی كردووە، لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵیش پێنج دانیشتنی دیكەی ئەنجامداوە و بەوەش كۆی گشتیی دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان 23 دانیشتن بوون لە ئەمساڵدا”.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی نێو ڕاپۆرتەكەی ئینستتیوتی پەی كە هێشتا بڵاونەكراوەتەوە و بەڕێوبەری پرۆژەكە بۆ ئێستای خستەڕوو، لە ساڵی 2020دا پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی بۆ تەنها 10 پرۆژەیاسا كردووە.

‌لە ساڵی 2020دا پەرلەمانی كوردستان تەنها 90 كاتژمێر دانیشتووە، وەك لە ڕاپۆرتەكەی ئینستتیوتی پەی هاتووە.

نێو هۆڵی پەرلەمانی كوردستان

بە گوێرەی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی ئێستا، لە ساڵی 2020دا پەرلەمانتاران پێنج موچەیان وەرگرتووە، تەنها یەك موچەیان بە بێ لێبڕین بووە و ئەو چوار موچەكەی دیكەیان بە لێبڕینی 50% وەرگرتووە.

پەرلەمانتارێكی كوردستان 8 ملیۆن و 500 هەزار دینار موچەكەیەتی، لە ساڵی 2020دا كۆی گشتیی ئەو پارەیەی وەك موچە وەریانگرتووە كە دەكاتە 25 ملیۆن و 500 هەزار دینار.

گەر ئەو بڕە پارەیەی وەرگیراوە دابەشی كاتژمێرەكانی دانیشتنی پەرلەمان بكرێت ئەوا بۆ هەر كاتژمێرێك دانیشتن، پەرلەمانتاران 283 هەزار و 333 دیناریان وەرگرتووە.

لە خولی بەهارەی پەرلەمان هەشت جار داواكراوە حكومەت و پەرلەمان كۆببنەوە و چوار جار داواكارییەكان جێبەجێكرا، لە خولی پایزەش چوار جار هەمان داوا كراوە و سەرجەمیان ڕەتكراونەتەوە.

لە ساڵی 2020دا یەكجار داوای پرساندنی سەرۆكی حكومەت لەلایەن پەرلەمانەوە كراوە، ئەو داوایە جێبەجكرا بەڵام بە وەڵامدانەوەی كاغەزی نەك ڕاستەوخۆ.

هۆڵی پەرلەمانی کوردستان

ئەدای پەرلەمان لە ڕوانگەی پەرلەمانتارانەوە

پەرلەمانتارێكی گۆڕان خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە لاواز ناو دەبات و هۆكارەكەشی بۆ دەستەی سەرۆكایەتی دەگەڕێنێتەوە، لە بەرامبەریشدا پەرلەمانتارێكی یەكێتی ڕەتی دەكاتەوە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان لاواز بێت.

بە پلەی یەكەم لاوازی پەرلەمان دەگەڕێتەوە بۆ دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان

سەبارەت بە ئەدای پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2020دا دابان محەمەد، پەرلەمانتاری گۆڕان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “نەك ساڵی 2020 لە 2019یشدا ئەم خولەی پەرلەمان هەتا بڵێی ئەدایەكی خراپی هەبووە و یەكێكە لە خراپترین خولەكان، چونكە دوور بووە لەو ڕوداو و كێشانەی پەیوەندییان بە ژیانی خەڵكەوە هەبووە، ڕۆڵی كاریگەری نەبینیووە”.

دابان محەمەد ئەوەشی خستەڕوو، “بە پلەی یەكەم لاوازی پەرلەمان دەگەڕێتەوە بۆ دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، ئەو پرسانەی جوڵاندووە كە پەیوەندی بە باروگوزارەنی خەڵكەوە نییە، سەیری یاساكان و پرۆژەیاساكان بكە كە هاتووەتە پەرلەمان زۆر پەیوەندی بەو كێشە و گرفتەكانی دۆسییەی نەوت و موچە و كۆمەڵێك پرسی دیكەوە نەبووە”.

“پەرلەمانتاران چەندین یاداشتیان پێشكەش بە سەرۆكایەتیی پەرلەمان كردووە پەیوەست بە موچە و كۆمەڵێك پرسی ترەوە، بەڵام نەخراونەتە بەرنامەی كارەوە”، وەك پەرلەمانتارەكەی گۆڕان ئاماژەی پێكرد.

ئەوەشی وت، “بە گشتی، پەرلەمانێكی لاوازیان دەوێت بۆ ئەوەی حكومەت بەهێز پیشاند بدرێت”.

لای خۆشیەوە مەلا ناسڕ، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەسەر لیستی یەكێتی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ساڵێكی ناخۆش بوو بۆ پەرلەمانتاران و حكومەت و هاوڵاتییان بەهۆی پەتای كۆرۆنا و دابەزینی بەهای نەوتەوە، ئەوەش وای كرد پەرلەمان نەتوانێت كارەكانی بەشێوەیەكی باش بەڕێوەبەرێت”.

ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی ئەوەشی خستەڕوو، “بەهۆی پەتای كۆرۆناوە دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان وەك پێویست نەبوون، ئەوەش هۆكار بووە كە پەرلەمان نەتوانێت بە ئەركە یاساییەكەی خۆی هەستێت”.

مەلا ناسڕ ئاماژەی بەوەشكرد، “سەرەڕای ئەو هۆكارانەش، پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ چەندین پرۆژەیاسا كردووە، چەندین یاساش دەركراون”.

سەرۆكایەتیی پەرلەمان لاواز نییە، بارودۆخەكە بەو جۆرە بوو

سەبارەت بە ئەدای سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان پەرلەمانتارەكەی یەكێتی ئاشكرایكرد، “سەرۆكایەتیی پەرلەمان لاواز نییە، بارودۆخەكە بەو جۆرە بوو، هەمووجارێك سەرۆكایەتیی پەرلەمان دانیشتنەكانی داناوە و كاری خۆی كردووە، ئەگەر حكومەت پرۆژە نەنێرێت بۆ پەرلەمان ئەوان چی بكەن”.

“ڕەنگە حكومەت كەمتەرخەم بێت نەك پەرلەمان، وای لێهاتووە ئەو پرۆژەیاسانەی دێنە پەرلەمان بۆ ئەوەی دەنگیان لەسەر بدرێت هەموویان لەلایەن حكومەتەوە دەنێردرێن، ئەو پرۆژەیاسایانەی پەرلەمان دەیاننێرێت بۆ ئەنجومەنی وەزیران ناگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان”، وەك مەلا ناسڕ وتی.

پێكهاتەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان

بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان، 3 ملیۆن و 85 هەزار و 461 كەس لە هەرێمی كوردستان مافی دەنگدانیان هەبووە، لەو ژمارەیەش یەك ملیۆن و 845 هەزار و 979 كەس بۆ خولی پێنج دەنگی داوە، ڕێژەی بەشداریی هاوڵاتییان دەکاتە 59٪.

لەو هەڵبژاردنەدا 29 لیست بەشدارییان كرد، لە ئەنجامدا 16 لیست توانییان کورسیی پەرلەمانه بەدەست بهێنن.

پێكهاتەی پەرلەمان بەمجۆرەیە، فراكسیۆنی پارتی 45 كورسی، یەكێتی 21 كورسی، گۆڕان 12، جوڵانەوەی نەوەی نوێ هەشت كورسی، كۆمەڵی ئیسلامی حەوت، هاوپەیمانی بەرەی ئیسڵاح پێنج كورسی، سەردەم یەك كورسی، ئازادی یەك كورسی، پارتی گەشەپێدانیی توركمانی دوو كورسی، پارتی چاكسازیی توركمانی یەك كورسی، میلەت یەك كورسی، بەرەی توركمان یەك كورسی، هاوپەیمانیی یەكێتیی نەتەوەیی سێ كورسی، ڕافیدەین یەك كورسی، ئەنجومەنی گەلی كلدانی سریانی و ئاشووری یەك كورسی و ئەرمەن یەك كورسی.

بابەتی پێشتر

ڤیدیۆ.. ئێران ڤاکیسینەکەی لەسەر مرۆڤ تاقیکردەوە

بابەتی دواتر

پارتەكەی سەدر: ئەوەی هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردن بدات بە توندی لەدژی دەوەستینەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی: حەوت داواكراو بە ماددەی دووی تیرۆر دەستگیركران

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، حەوت داواكراو بە ماددەی دووی تيرۆر لەلایەن هێزەكانمانەوە دەستگیركران. بەپێی ڕاگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ڕۆژئاوای…
Total
0
Share