بانکی ناوەندیی عێراق بڕیارێکی لە بەرژەوەندی گەشتیاران سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی دراو دەرکرد و فرۆشگایەکی نوێی 24 کاتژمێری لە فڕۆکەخانەی بەغداد کردەوە.
عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد بەشداریکرد لە کردنەوەی فرۆشگایەکی نوێی ئاڵوگۆڕی دراو بۆ گەشتیاران کە 24 کاتژمێر کراوە دەبێت و لەلایەن بانکی ناوەندییەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
لە لێدوانێکیدا پارێزگاری بانکی ناوەندیی رایگەیاند، “هەنگاوی کردنەوەی ئەو فرۆشگایە لە فڕۆکەخانە کاریگەری ئەرێنی دەبێت، چونکە گەشتیاران کاتێکی کەمیان پێدەچێت تا پشکی خۆیان لە دۆلار بەدەستدەهێنن”.
جەختی لەوەشکردەوە، “کاری کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕ لە فڕۆکەخانە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراق و دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی چاودێری دەکرێت لەگەڵ لقەکانی تری بانکەکان کە خزمەتگوزاری فرۆشتنی دراوی بیانی پێشکەش بە کڕیاران دەکەن”.