ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئامانج لە كۆبوونەوەی سبەی لیژنەی دارایی و وەزیری دارایی هەرێم دۆزینەوەی چارەسەرێكی ریشەییە بۆ كێشەی مووچەخۆرانی هەرێم و دەشڵێت، “چارەسەری ریشەیی بۆ كێشەی مووچەخۆرانی هەرێم جیاكردنەوەی بابەتی مووچەیە لە ئینفاقی فیعلی”.
د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجونەنی نوێنەرانی عێراق لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، لە كۆبوونەوەی سبەی لیژنەی دارایی و وەزیری دارایی هەرێم لە پەرلەمان گفتوگۆ لەسەر تەواوی زانیارییەكان تایبەت بە ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم و خانەنشینان و ئەو بڕە پارەیەی كە پێویستە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەكرێت.
راشیگەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا باس لە داهاتی ناوخۆی هەرێم و دەروازە سنوورییەكان دەكرێت و دواتر لیژنەی دارایی دەیكاتە راپۆرتێك و دەخرێتە بەردەم دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق كە پێشتر داوای هەڵوێستی جددی لە پەرلەمانی عێراق لەسەر پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم كرابوو.
بە بڕوای ئەندامەكەی لیژنەی دارایی هەوڵدەدرێت چارەسەرێكی ریشەیی كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بدۆزرێتەوە و وەرگرتنی قەرز چارەسەری كێشەی مووچە ناكات و چارەسەری ریشەیی جیاكردنەوەی بابەتی مووچەیە لە ئینفاقی فیعلی”.