رۆژی 15ی تشرینی یەکەم ناونووسین بۆ حەجی ساڵی داهاتوو دەستپێدەکات

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری هەرێمی کوردستان رێنماییەکانی ناونووسینی هاووڵاتییانی بۆ حەجی ساڵی 2024 بڵاوکردەوە و دەڵێت، “ساڵی داهاتوو پڕکردنەوەی فۆڕم بە شێوەی ئۆنلاین دەبێت”.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە رێنماییەکانی ناونووسین بۆ حەجی ساڵی داهاتوو رایگەیاند، “تەنها ئەمساڵ فۆڕم بەشێوە دەستنووس دەبێت و ساڵی داهاتوو بەشێوەی ئۆنلاین دەبێت ئەو فۆڕمە پڕبکرێتەوە”.

ئاماژە بەوەش دەکات، “پڕکردنەوەی فۆڕم تەنها بۆ یەک ساڵ دەبێت و ئارەزوومەندانی حەج دەبێت ساڵانە ئەو فۆڕمە پڕبکەنەوە، ئەگەر بە هەر هۆکارێک ئەو کەسەی ناوی هاتۆتەوە نەیتوانی گەشتەکە بکات دەبێت ساڵی داهاتوو دووبارە فۆڕم پڕبکاتەوە”.

ئەوقافی هەرێم ئەوەشی خستۆتەڕوو، “رۆژی 15ی تشرینی یەکەم رۆژی دەستپێکردنی ناونووسین دەبێت بۆ حەجی ساڵی 2024، بۆ 12 رۆژ بەردەوام دەبێت و کەسێک پێشتر حەجی کردبێت نابێت ناو تۆمار بکات، هاوکات پێویستە پێش 4 رۆژ فۆڕمەکە بگەڕێنێتەوە بۆ ئەو شوێنەی کە لێی وەرگرتووە”.

سەبارەت بەو هاووڵاتییانەی لە ساڵی 2017 ناویان نووسیوە دەڵێت، “ئەو کەسانەی لە ساڵی 2017 ناویان نووسیوە پێویست ناکات دووبارە ناویان تۆمار بکەن، چونکە لەمساڵدا پێشینە دەدرێت بەو کەسانەی لەو ساڵەدا ناویان تۆمار کردووە بە رێژەی 60٪ و 40٪ بۆ هاووڵاتیانی ئەمساڵ دەبێت”.

پێداویستییەکانیش وەک وەزارەتی ئەوقاف خستویەتییەڕوو، بریتییە لە پسوڵەی خۆراک، پاسپۆرت، کارتی زانیار، وێنە و کارتی نیشتمانی کە پێویستە هەموویان رەنگا و رەنگبن.

بابەتی پێشتر

بومەلەرزەیەک دیالەی هەژاند

بابەتی دواتر

وەزیری دەرەوەی سعودیە سەردانی عێراق دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share