وەزیری پەروەردە: لە پلانێکی ورددا قەرەبووی ئەو بابەتانە دەکەینەوە، کە فەوتاون

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، “خوێندنی ناوپۆل بەردەوام دەبێت و هەوڵدەدەین لە پلانێکی ورد و ستراتیژیدا قەرەبووی ئەو بابەتانە بکەینەوە، کە بەهۆی دۆخی کۆرۆناوە فەوتاون”.

لە وتەیەکیدا لە میانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی پەروەردە و فێرکردن، ئالان حەمەسەعید وتی، “لە ساڵ و نیوێکی ڕابردوودا لە تەواوی جیهاندا زیاتر لە یەک ملیار و 600 هەزار قوتابی لە خوێندن دابڕان بەهۆی کۆرۆناوە، کە ئەمە گەورەترین شۆک و تەنگژەبوو بۆ پرۆسەی خوێندن لە مێژووی جیهاندا”.

باسیلەوەکرد، کۆرۆنا چوارچێوە کلاسیکییەکەی پرۆسەی خوێندنی گۆڕی و گۆڕانکارییەکە دەوام و کار و ئەرکی خوێندکار و مامۆستایانیشی گرتەوە، لەسەر ئاستی جیهان بە شێوە و ئاستی جیاواز پەنابرا بۆ خوێندن لەدوورەوە (خوێندنی ئەلکترۆنی و ئۆنلاین) وەک جێگرەوەیەک بۆ خوێندنی ناوپۆل.

وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەکرد، لە 16ی نیسانەوە بەتەواوی خوێندنی ئۆنلاین کاریپێکراوە، لە دوێنێشەوە پرۆسەی خوێندنی ناوپۆل دەستیپێکردەوە و تا کۆتایی ساڵی خوێندنیش بەردەوام دەبێت، ماوەی مانگێک پرۆسەی خوێندنی ناوپۆل بەشێوەی نۆرە (تناوب) بەردەوام دەبێت و هەفتەیەک بۆ دوو هەفتەش بۆ پرۆسەی تاقیکردنەوەکان دەبێت.

سەبارەت بە ئەنجامی تاقیکردنەوە و چارەنووسی خوێندکاران وتی، “ئەوەی پەیوەستە بە دەرچوون و دەرنەچوونی خوێندکار، تەنها مامۆستایان خۆیان بەرپرسیارن، ئەوان پرسیار دادەنێن و نمرەش دیاریدەکەن، نەک ئێمە و هیچ کەسێک ناتوانێت دەستبخاتە ئەو پرۆسەیەوە”.

جەختیکردەوە، دایکان و باوکان دەتوانن دڵنیابن لەوەی منداڵەکانیان لەدەستێکی ئەمیندان بۆ پرۆسەی خوێندن و پەروەردە و بەدڵنیایی خوێندنی ساڵی 2020-2021 بەسەرکەوتووی تەواودەکرێت.

وەزیری پەروەردە لەبارەی مامۆستایانی وانەبێژیشەوە قسەیكرد، وتی، “ئێمە وەک وەزارەت چەند لە تواناماندا بێت پاڵپشتییان دەکەین، ساڵی ڕابردوو بۆ مانگەکانی سێ، چوار و پێنج، کە دەوام نەکراوە شایستەکانیان خەرجکراوە، ئەمساڵی خوێندنیش لە مانگەکانی 10، 11 و 12 دەوامی قوتابخانەکان نەبووە و شایستەی مامۆستایانی وانەبێژ خەرجکراوە، سەرۆک وەزیرانیش بڕیاریداوە ئەوانی دیکەیان بەپێی توانا بۆ خەرجبکرێت”.

بابەتی پێشتر

لەماوەی 24 کاتژمێردا دوو کرێکاری بیانی لە هەرێم گیانیان لەدەستداوە

بابەتی دواتر

مۆلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی بەشداردەبن لە سەوزکردنی شاردا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share