راوێژکارێکی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری رۆشنبیری روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە فێستیڤاڵەکەی بەغداد بڵاوکردەوە و دەڵێت، “ئەگەر فێستیڤاڵەکەمان قەدەغە بکردایە، دەگوترا بەغداد بوو بە قەندەهار”.
عارف ساعیدی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری رۆشنبیری لە بەیاننامەیەکدا روونکردنەوەیەکی لەبارەی ئەو فێستیڤاڵەوە بڵاوکردەوە کە لە بەغداد بەڕێوەچوو و رایگەیاند، “ئەو فێستیڤاڵەی ئەنجامدراوە بەهیچ شێوەیەک ڕۆڵی ئێمەی تێیدا نەبووە، بە ڕوونی و ڕاشکاوانە دەیڵێم، داواکارییەک پێشکەش کراوە کە تییدا هاتووە دەیانەوێت لە رێگای ئەنجامدانی فێستیڤاڵێکەوە ڕێزلێنان پێشکەشی هونەرمەندانی عێراقی و عەرەبی بکەن”.
دەشڵێت، “ئەوەی کە روویدا هەڵە بوو بەڵام ئەگەر لە سەرەتاوە فێستیڤاڵەکەمان قەدەغە بکردایە، دەگوترا بەغداد بوو بە قەندەهار”.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لە شاری بەغداد فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی عێراق بەڕێوەچوو، تێیدا بەهۆی دەرکەوتنی ژمارەیەک لە بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە بە جلوبەرگی نیمچەڕووتەوە ناڕەزایی هاووڵاتیانی لێکەوتەوە.