زانیاریی نوێ لەبارەی دامەزراندن لە هەرێمی كوردستان بڵاوكرایەوە

بریكاری وەزارەتی تەندروستیی هەرێم روونكردنەوە لەبارەی دامەزراندن لە سێكتەری تەندروستی دەدات و ئاشكراشیدەكات لە كابینەی نۆیەمدا نزیكەی 1200 كەس بە چەند شێوازێكی یاسایی و زانستی لە دەرچووانی بەشە پزیشكی و زانستییەكان دامەزرێندراون.

د. رەهێڵ فەرەیدوون بریكاری وەزارەتی تەندروستیی هەرێم لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لە سێكتەری تەندروستیدا رۆژانە ژمارەیەك لە پزیشك و كارمەندانی تەندروستی ماوەی خزمەتیان بە كۆتادێت و خانەنشین دەبن، بۆیە ئێمە دەستمانكرد بە كۆكردنەوەی داتاكانیان و ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران كرا كە دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگەكان لە شوێنی ئەو كەسانە دابنرێنەوە كە خانەنشین دەبن.
راشیگەیاند، پێشتر 500 كەس بە شێوەی گرێبەست لە كاتی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنادا دامەزرێندران، ئێستا كۆرۆنا نەماوە و توانرا ئەو كارمەندانە ساڵانە گرێبەستەكانیان بۆ نوێبكرێتەوە و بەسەر ئەو ناوەندە تەندروستییانەدا دابەشبكرێن كە پێویستن.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، لە چەند مانگی رابردوودا 130 كەس بۆ تەندروستی هەڵەبجە دامەزرێندران و لە هەمانكاتدا 400 كارمەند بۆ سلێمانی، هەولێر، دهۆك و سۆران دامەزرێندراون.

بریكاری وەزارەتی تەندروستی وتیشی، “لەم كابینەیەدا توانراوە نزیكەی 1300 كارمەندێك دابمەزرێندرێن كە دەرچووانی بەشە پزیشكی و زانستییەكان بوون و لە هەوڵەكانمان بەردەوامدەبین بۆ رەخساندنی دەرفەتی دامەزراندن بۆ دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان”.

بابەتی پێشتر

رێباز حەملان: پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم راستەوخۆ لەلایەن بەغدادەوە هیچ بنەمایەكی دەستووری نییە

بابەتی دواتر

لە هەولێر بومەلەرزە روویدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share