پەیمانگای واشنتۆن: هەرێمی کوردستان تەنها بە پاڵپشتیی خۆرئاوا تا ئێستا ماوەتەوە

راپۆرتێکی ئینستیتیوتی واشنتۆن باس لەوە دەکات کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مانەوەی تاوەکو ئێستا، قەرزاری پاڵپشتییەکانی خۆرئاوایە و قەرزاری ئەو نەوتەیە کە لە کێڵگەکانی هەرێمەوە بەرەو تورکیا لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە دەفرۆشرێت.  

لە راپۆرتەکەدا کە لەلایەن ئینستیتیوتی واشنتۆن بڵاویکردووەتەوە، “بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق و بڕیارێکی دیکە لەلایەن دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتییەوە، بەدڵنیاییەوە پێگەی بەغدا بۆ کۆنترۆڵکردنی کەرتی وزە لە کوردستان بەهێزتر دەکات”.

دەڵیت، “حکومەتی فیدراڵیی عێراق دەتوانێت سوود لەم بڕیار و دەستکەوتە یاساییانە وەربگرێت”، ئەمەش چەقبەستوویی سیاسی و دیپلۆماسی و پیشەسازی لەنێوان تورکیا و حکومەتی هەرێم ئاڵۆزتر دەکات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “لە ساڵی 2014ەوە سیاسەتی وزە و پیشەسازی لە عێراقدا دابەش بووە بەسەر حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، سەرەڕای ئەو ناڕوونییەی لەبارەی دەستووری عێراقەوە هەیە، باس لە هاوبەشکردنی بەرپرسیارێتی لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات سەبارەت بە کەرتی نەوت و گاز”، بەڵام هێشتا پەرلەمانی عێراق یاسایەکی نیشتمانیی نەوت و گازی دەرنەکردووە کە ئەو ماف و بەرپرسیارێتیانە دیاری بکات.

روونیشی کردەوە، “لە ئەنجامی ئەم دابەشبوونە عێراق نەیتوانیوە داهاتی خۆی لە فرۆشتنی نەوت زیاد بکات یان بە یەک دەنگ لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان یان ئۆپێک قسە بکات، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی وڵاتەکە زیانی پێ بگات”.

باسی لەوەکردووە، هەر کە کێڵگە نەوتییەکانی کوردستان دەستیان پێکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدوای دەرچەیەکدا گەڕا و رێککەوتنێکی درێژخایەنی لەگەڵ تورکیا واژووکرد و بۆرییەکی ناوخۆیی دامەزراند کە بەستراوەتەوە بە بۆرییەکەی نێوان عێراق و تورکیا و لە مانگی ئایاری 2014وە نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی جەیهانەوە  دەنێرێتە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان.

راشیگەیاند، “حکوومەتی عێراق دەستبەجێ سکاڵای یاسایی لەسەر ئەنقەرە لە دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی تۆمارکرد لەسەر رێگەدان بە ڕۆیشتنی نەوتی کوردستان بەبێ رەزامەندیی بەغدادا، دوای چەندین جار دواکەوتن بەهۆی پەتای کۆرۆنا، بەڵام دادگا لە سەرەتای ساڵی 2023 بڕیارێکی دەرکرد، هەرچەندە هێشتا وردەکاریی بڕیارەکە یەکلایی نەکراوەتەوە یان رانەگەیەندراوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە بەرژەوەندیی عێراق بێت کە داوای 36 ملیار دۆلاری کردووە وەک قەرەبوو، هەرچەندە تورکیا تۆمەتبارە لە سکاڵاکەدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵام ئەگەری زۆرە حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لەوانی تر زیانیان پێ بگات.

روونیشیکردەوە، “ململانێی دە ساڵەی نێوان بەغداد و هەولێر لە دینامیکێکی دۆڕاو زیاتر نەبوو، ناجێگیریی بەغداد و تاکتیکەکانی خۆدزینەوەی هەولێر، ئەگەری بەستنەوەی پیشەسازی وزەی بۆ خەزێنە گشتییەکانیان تێکشکاند، هەر لە سەرەتاوە بەغداد بڕیاریدا هەر کۆمپانیایەک کە لە کوردستان کاردەکات بخرێتە لیستی رەشەوە، ئەمەش بازاڕی وزەی لە عێراقدا دابەشکرد بۆ دوو بەش.

 

بابەتی پێشتر

راگەیەندراوێك لە شارەوانیی سلێمانییەوە

بابەتی دواتر

تەندروستیی جیهانی: 26 ملیۆن هاوڵاتی لە سوریا و توركیا پێویستیان بە هاوكاریی مرۆییە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

دڵشاد شەهاب: هەڵبژاردن دواناخرێت

وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێم رایدەگەیەنێت، هیچ گومانێک لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو کاتەی دیاریکراوە نییە. دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی…
زیاتر ببینە

کەشناسی: پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە

کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی کەشوهەوای بڵاوکردەوە، بەپێی پێشبینییەکان پلەکانی گەرما لەم دوو رۆژەدا بەرزدەبنەوە. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی هەرێمی…
Total
0
Share