مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 28ی كانونی یەكەم ڕایگەیاند، “ڕێگەنادەین چەك هەڕەشە لە ئازادیی هاوڵاتییان بكات و هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام دەدەین.”
بە گوێرەی ڕاگەیاندراوی نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە مستەفا كازمی سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی كردووە كە وەزیرەكان و سەرۆكی چەند دەستەیەكی سەربەخۆ و هێزە ئەمنییەكان و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئامادەیبوون.
لە كۆبوونەوەكەدا كازمی باسی لە هەڕەشەكانی بەشێك لە گرووپە چەكدارەكان كردووە جەختیكردووەتەوە كە حكومەتەكەی ڕێگەنادات ئەو چەكەی لە دەرەوەی یاسا و حكومەتە، ببێتە هەڕەشە بۆسەر ژیان و ئازادی و ئاسایشی هاوڵاتییان و متمانەیان بە پرۆسەی هەڵبژاردن.
وەك ڕاگەیاندراوەكە ئاشكرایكردووە، “كازمی ڕایگەیاندووە ئەركی لەپێشینەی حكومەت، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەیە، بەوپێیەی حكومەتێكی ڕیزپەڕە بە هەموو پێوەرەكان و لە ئەنجامی خۆپیشاندان و داواكاریی مەرجەعیەت و لایەنە سیاسییەكانەوە پێكهاتووە.”
سەرۆكوەزیرانی عێراق وتویەتی، “ئێمە ئێستا لەبەردەم دووڕیانێكداین، ئەوەش دوای ئەوەی سێ ئامانجی سەرەكی بەدیهاتوون كە سەرۆكوەزیرانێكی سەربەخۆ و كۆمسیۆنێكی سەربەخۆی هەڵبژاردن و یاسایەكی هەڵبژاردنی دادپەروەرانەن.”
مستەفا كازمی لە كۆبوونەوەكەدا ڕوونیكردووەتەوە كە “دەرفەتی سەركەوتن و گەڕاندنەوەی متمانەی گەل بە دەوڵەت و سیستمی سیاسی و میكانیزمەكانی دیموكراسی ماوە و ئەوەش بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و دادپەروەر دێتەدی.”
وتەكانی ئەمڕۆی سەرۆكوەزیرانی عێراق دوای ئەوە دێن كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دوو گرووپی حەشدی شەعبی هەڕەشەیان لێكرد و هێزیان لە دژی جووڵاند.