مێسی: لە کۆتایی وەرزدا بڕیاردەدەم و دەمەوێت ببمە بەڕێوبەری وەرزشی

مێسی لە نوێترین چاوپێکەوتندا هۆکارەکانی خەمباربوونی لە یانەی بەرشلۆنە ئاشکرادەکات

لیۆ مێسی، ئەفسانەی زیندووی یانەی بەرشلۆنە و هەڵبژاردەی ئەرجەنتین چاوپێکەوتنێک لەگەڵ جۆردی ئیڤۆڵی ڕۆژنامەنوسی کەناڵی لا سێکسیتا ئەنجامدەدات.

لە وەڵامەکانیدا لیۆ مێسی بە ڕاشکاوی بۆچوونی خۆی لەبارەی سەرۆکی پێشووی یانەی بەرشلۆنە و چەندین بابەتی گەرم و پەیوەندیدار بە داهاتووی ئاشکرادەکات، ئەمەش بەشێکە لە چاوپێکەوتنەکە:

 

لە کۆتایی وەرزدا بڕیار لە داهاتووت دەدەیت؟

تاوەکو کۆتایی وەرز هیچ شتێک ڕوون نییە، چاوەڕێ دەکەم وەرز تەواوبێت، لە ئێستادا سەرنجم لەسەر چنینەوەی نازناوەکانە نەک بابەتی دیکە.

بڕیارەکەت ئاسان دەبێت؟

نازانم لە بەرشلۆنە دەڕۆم یان دەمێنمەوە، ئەگەر بڕۆم دەمەوێت بە باشترین شێوە ماڵئاوایی بکەم، ئەگەر بڕۆم دەمەوێت دواتر بگەڕێمەوە شارەکە و لێرە کاربکەمەوە، بەرشلۆنە لە هەموو یاریزانێک گەورەترە، هیوادارم سەرۆکی داهاتوو یانەکە بگەڕێنێتەوە سەر ڕێڕەوی ڕاست.

داهاتووت ناڕوونە؟

چیرۆکی خۆشەویستی لەنێوان من و یانەی بەرشلۆنەدا هەیە، پێویست ناکات هەموو ئەو شتانە ناشرین بکەین کە بەیەکەوە بەدەستمانهێناوە، هەموو شتێک تێدەپەڕێنین، با بزانین لە کۆتایی وەرزدا چی ڕوودەدات.

داهاتووت لە ئەمریکا و خولی ئەمریکایە؟

هەمیشە وتوومە کە حەزم بە تاقیکردنەوەی ئەزموونە لە ئەمریکا، بەڵام ئێستا نا، شتێکی باش نابێت ئەگەر بڵێم دەچمە ئەمریکا لە کاتێکدا نازانم داهاتوو چۆن دەبێت.

 

دەمزانی ئەگەر بگەینە دادگا کەیسەکە لە بەرشلۆنە دەبەمەوە، چەندین پارێزەر ئەو ڕاستییەیان بۆ دووپاتکردمەوە

 

دەتەوێت ببیتە بەڕێوبەری وەرزشیی؟

دەمەوێت دوای وازهێنان کارێک بکەم پەیوەندی بە تۆپی پێوە هەبێت، حەزم بە ڕاهێنەرایەتیکردن و بابەتی تەکنیکی نییە، بەڵام بۆ بوون بە بەڕێوبەری وەرزشی دەڵێم بەڵێ، دەتوانم ئەو یاریزانانە دابینبکەم کە حەزم پێیانە.

هۆکارەکانت چییە بۆ ڕۆیشتن لە بارسا؟

پێموابوو سوڕی ژیانم لە یانەکە کۆتاییهاتووە و کاتی گۆڕانکاری هاتووە، دەمویست سەرم لەهەموو ئەم بابەتانە دەربکەم، دەمزانی وەرزەکە وەرزێکی ڕاگوزەربوو، دەمویست لە پێناو نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکان و خولی ئیسپانیا بجەنگێم، دەمویست بە باشترین ئەنجامەوە بگەم بە کۆتایی، دواتر سەرۆکی یانە فلتەری چەند بابەتێکی کرد و منی وا دەرخست کە پیاو خراپی فیلمەکەم، سەرەڕای ئەوە لەسەرخۆ بیرمکردەوە و دەشمزانی بڕیارەکە زۆر ئازاردەرە، چونکە من ئەم شار و یانەیەم خۆشدەوێت و خێزانەکەشم حەزیان بە ڕۆیشتن نەبوو، چەندینجار بە سەرۆکی یانەم وت دەڕۆم، ناردنی داواکارییەکەم لە ڕێگەی بورۆفاکسەوە تاکە ڕێگەی یاسایی بوو تاوەکو بە شێوەیەکی جدی بڕیارەکەم بەیانبکەم بۆیان.

ئەگەر هەبوو بگەیتە دادگا؟

دەمزانی ئەگەر بگەینە دادگا کەیسەکە لە بەرشلۆنە دەبەمەوە، چەندین پارێزەر ئەو ڕاستییەیان بۆ دووپاتکردمەوە.

بارتۆمیو درۆی لەگەڵ کردیت؟

بارتۆمیو لە زۆر بابەتدا درۆی لەگەڵ کردم و خەڵەتاندمی، چەندین بابەت لە چەندین ساڵی جیاواز، وەرزی ڕابردوو زۆر سەختبوو، بەتایبەت دوای ئەوەی لە خولی یانە پاڵەوانەکان کراینە دەرەوە.

ماڵئاوایی لویس سوارێز؟

پلانم داڕشتبوو پێش سوارێز ماڵئاواییبکەم، بەڵام ئەوەی ڕوویدا شێتانە بوو، بێبەرانبەر ئامادەبوو لەگەڵ ئێمەدا بجەنگێت.

 

نامەوێت پێگەی خۆم بۆ بەهێزکردنی پێگەی هیچ کاندیدێک بەکاربهێنم، هیوادارم ئەوەی دەردەچێت کاری باش بکات بۆ گەڕاندنەوەی یانە

 

گریزمان

هیچ کێشەیەکم لەگەڵ گریزمان نییە، پەیوەندیمان لەگەڵ تێپوڕبوونی کات ڕوونتر و باشتر بووە، بەیەکەوە مەیت دەخۆینەوە و بۆشایی لەنێوانماندا نییە.

لویس سوارێز

لەگەڵ سوارێز ڕۆژانە قسەدەکەین، لەبارەی تیروپشکەکانەوە ڕاوبۆچوون دەگۆڕینەوە، هەرگیز حەزمان بەوە نەبووە ڕوبەڕوببینەوە.

پڕۆژەی بەرشلۆنە ئاڵۆزە

قورسە یاریزانی کوالیتی دابینبکەین، پارەی ئەوەمان نییە نێیمار بکڕین، چۆن پارەی نێیمار بدەین بە پاریس؟ سەرۆکی نوێ دەبێت زیرەک بێت، ڕێکخستنەوە بکات.

هەڵبژاردنەکانی بەرشلۆنە

نامەوێت پێگەی خۆم بۆ بەهێزکردنی پێگەی هیچ کاندیدێک بەکاربهێنم، هیوادارم ئەوەی دەردەچێت کاری باش بکات بۆ گەڕاندنەوەی یانە، باشترە بیر لەوە بکەینەوە کە ڕوودەدات، نەک ئەوەی ڕوویداوە.

کومان

لەگەڵ کومان بارودۆخەکە جدیترە، زۆر سەرکەوتووە و کارێکی باشی کردووە، چەندین یاریزانی لاوی هێناوە و پێکهاتەی بارسا زیاتر گەشەیکردووە.

مێسی چ کاریگەری لەسەر ژووری جلگۆڕێنەکان هەیە؟

ئەو بۆچوونە بێزارم دەکات، زۆرینەی خەڵک بە ڕاستی وەردەگرن، خەڵکی پێیان وایە ئەوەی لە ڕۆژنامەکانەوە لەبارەی نێوانی من و هاوڕێیانمەوە بڵاودەکرێتەوە ڕاستە.

گواردیۆلا

لەگەڵ گواردیۆلا لەبارەی ڕووداوەکانەوە قسەمان کرد، چاومان بەیەکتر نەکەوتووە، ئەم ڕاهێنەرە تایبەتە، گواردیۆلا و ئینریکی دوو باشترین ڕاهێنەربوون لێیانەوە زۆر فێربووم.

خەونی تایبەتی

من بۆ ئەوە یاری ناکەم تاوەکو ببمە باشترینی جیهان و خۆمی پێوە بابدەم، بەڵکو یاری بۆ سەرخستنی یانەکەم دەکەم.

 

نامەوێت وەک مارادۆنا ماتەمم بۆ بگێڕن، ئەوەی بۆ دیێگۆ کرا شایستەی بوو، شایستەی هەموو شتێکە، من بیر لە مردن ناکەمەوە

 

لێدانی بایرن میونشن

ئەنجامی یارییەکەی بایرن میونشن زۆر قورسبوو، دەمانزانی ئەگەری دۆڕاندنمان بەهێزە، بەڵام بەو شێوەیە نا، تەنانەت منداڵەکانیشم لەسەر ئەنجامەکە بۆچونیان هەبوو.

مارادۆنا

باوکم بە نامەیەک لە مردنی مارادۆنا ئاگادریکردمەوە، لە ماڵەوە بووم، هەواڵێکی ناخۆش بوو لە هزری کەسماندا نەبوو، باوەڕم پێنەدەکرد، زۆر ئازاردەربوو، ئەو درێسەی نیوڵز ئۆڵدبۆیز کە بۆ یاری دوای کۆچی مارادۆنا پۆشیم لە کەسێکەوە پێمگەیشت، لە یارییەکەدا دڵنیابووم گۆڵ تۆماردەکەم وەک ڕیزلێنانێک بۆ ئەفسانە هاونیشتیمانەکەم پۆشیم.

مردن

نامەوێت وەک مارادۆنا ماتەمم بۆ بگێڕن، ئەوەی بۆ دیێگۆ کرا شایستەی بوو، شایستەی هەموو شتێکە، من بیر لە مردن ناکەمەوە، نامەوێت بیر لەوە بکەمەوە منداڵەکانم بەبێ من چۆن دەژین، خێزانەکەم بەهەمان شێوە.

ئاواتی مێسی

هەندێجار ئاواتم ئەوەیە ناسنامەم ئاشکرا و ناودار نەبێت و بچمە سوپەر مارکێت و سینەما و ڕێستورانتەکان، دەمەوێت ئەوکارە بکەم و 300 چاو سەیرم نەکەن، من شانسدارم کە بەو شێوەیەم، بەڵام من کەسێکی ئاساییبووم و خێزانەکەم ئاستیان مامناوەندبووە، هەندێک پێیان وایە ئێمە لەناو بڵقێکی گەورەداین ئاگامان لە هیچ نییە، بەڵام بە پێچەوانەوە ئاگادرم لەوەی چواردەورم کە ڕوودەدات.

ژیانێکی ئاسایی

ژیانم زۆر ئاساییە، حەزدەکەم بچمە سوپەر مارکێت، هەندێجار دەچم بەڵام خەڵکانێکی زۆر لێم کۆدەبنەوە، بابەتەکە ئاڵۆزە و بۆ من قورسە، هاوڕێ و دۆستم هەیە و لە هەڵبژاردنیاندا پارێزگارم، لەگەڵ منداڵەکان کات بەسەردەبەم و حەزیشم بەوەیە بەردەوام لەگەڵیاندابم، تەنانەت شەو دێنە جێگەگەم یاریم لەگەڵدەکەن، وەرزشیان لەگەڵدا دەکەم، بەوشێوەیە..

وەرزی یەکەمت لە بەرشلۆنە

هاتمە شوێنێک کەسم نەدەناسی، وڵات و خوێندنگە و هەموو شتێکم گۆڕی، ساڵی یەکەمم زۆر قورسبوو، تاقیکردنەوەیەکی گەورەبوو و منیش کەسێکی شەرمن بووم، ئاستەنگیم بۆ دروستبوو لە هاوبەشیکردن لەگەڵ هاورێکانم، بەڵام خۆڕاگربووم و سەرنجم خستەسەر بەدیهێنانی خەونەکانم.

چنینەوەی نازناوەکان

ئەمڕۆ باشم، لەسەرەتاوە زۆر کشامەوە، بەڵام ئێستا پەرۆشم بۆ چنینەوەی ئەو نازناوانەی چاوەڕێمان دەکەن، یانەکەمان بە دۆخێکی سەخت و دژواردا تێپەڕدەبێت، هەموو ئەوەی لەم ماوەیەدا چواردەوری بەرشلۆنەیداوە خراپ بووە، زۆر قورسە بگەینەوە دۆخی پێشوومان.

 

خەونم ئەوەیە لە ساڵی 2021 هەموو نەهامەتیەکانی ساڵی ڕابردوو تێپەڕێنین، هیوادارم لەم بارودۆخە دەربچین

 

خۆشەویستی بۆ درێسی بارسا

بە درێسی بەرشلۆنەوە هەست بە هەموو شتێک دەکەم، لەم شار و یانەیە بەرەوپێشچووم، زیاتر لە وڵاتەکەم لە بەرشلۆنە ژیاوم و هەموو شتێکیان پێبەخشیوم، وەک مرۆڤ و یاریزانێک ڕاهێنانیان پێکردم، بەم هۆیەوەیە چیرۆکێکی خۆشەویستی لەنێوان من و شارەکەدا دروستبووە.

منداڵەکانت، خەونەکانت

کە وەک یاریزانێکی پڕۆفیشناڵ دەستبەکاربووم ژیانی ناپڕۆفیشناڵبوونم تێپەڕاند، ئەوەی ئەمڕۆ دەمجوڵێنێت و پاڵپێوەنەرە منداڵەکانمن، ڕافا نادال، فێدرەر، لیبرۆن جەیمس هەمیشە وەرزشکارە گەوروەکان بەم شێوەیە بیر دەکەنەوە، بەهەمان شێوە کریستیانۆ لە بواری تۆپی پێ و چەندین وەرزشکاری تر کە دەتوانم ناویان بهێنم.

ئاهەنگی کرسیماس لە ئەرجەنتین

لێرە لە ئەرجەنتین ئاهەنگ بۆ هەموو یادەکان دەگێڕین، سانتا کلاوس و لۆس ماگۆس، دۆخێکی زۆر ناوازەیە هەموومانی کۆکردووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی کەشی جیهان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ئاڵۆزە، بە گشتی بۆ من سانتا کلاوس هەمیشە بوونی هەبووە.

خەونەکانت لە ساڵی 2021

خەونم ئەوەیە لە ساڵی 2021 هەموو نەهامەتیەکانی ساڵی ڕابردوو تێپەڕێنین، هیوادارم لەم بارودۆخە دەربچین.

بابەتی پێشتر

قوباد تاڵەبانی وادەی ڕادەستكردنی نەوتی هەرێم ئاشكرادەكات

بابەتی دواتر

پارێزگای سلێمانی.. بۆ یەكەمجارە لە 24 كاتژمێردا كەس بە كۆرۆنا نەمرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share