وتەبێژی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی رایدەگەیەنێت، سبەینێ كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ كارەكانی كۆنگرەی یەكێتی دەستپێدەكات و دەشڵێت، “لە كۆنگرەكەدا پەیڕەوی ناوخۆ هەمواردەكرێتەوە و پەسەنددەكرێت”.
تەلار لەتیف وتەبێژی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سبەی كاتژمێر 11 بە ئامادەبوونی نوێنەرانی حزب و لایەنە سیاسییەكان و نوێنەری كونسوڵخانەكان كارەكانی كۆنگرەی یەكێتی دەستپێدەكات كە چەند وتارێك پێشكەشدەكرێت و دواتر سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش وتارێك پێشكەشدەكات.
راشیگەیاند، لەبەشی دووەمی دانیشتنەكەدا كارەكانی پڕۆگرامی كۆنگرە بە دروشمی نوێگەری لە كاردا كۆدەنگی لە بڕیاردا دەستپێدەكات و لیژنەكان دیاریدەكرێن و دەستبەكاردەبن.
ئاشكراشیكرد، لە كۆنگرەدا پەیڕەوی ناوخۆ هەمواردەكرێتەوە و پەسەنددەكرێت، جگەلەوەش سێ ئەنجومەن پێشنیازكراوە كە بریتین لە ئەنجومەنی سەركردایەتی، ئەنجومەنی بەرژەوەندییەكان و ئەنجومەنی پشتیوانی.