سەرۆك وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، نابێت پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و ئەمریكا تەنها لە رووی ئاسایشەوە بە سنوورداری بمێنێتەوە و دەشڵێت، “ناكرێت عێراق بەردەوام پشت بە نەوت ببەستێت”.
بەپێی راگەیەندراوێكی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق تێیدا هاتووە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ئەمریكا لەگەڵ ژووری بازرگانیی ئەمریكا كۆبووەوە و رایگەیاند، عێراق زەوییەكی بەپیتە بۆ وەبەرهێنان لە زۆر كەرتی گرنگدا و سەرچاوەی سروشتی هەیە كە تائێستا وەبەرهێنانیان بۆ نەكراوە و هەربۆیە كاتی ئەوە هاتووە وەبەرهێنانیان تێدا بكرێت.
وتیشی، “حكومەتی عێراق هەوڵدەدات بە شێوەیەكی تەندروست وەبەرهێنان بكات و ناكرێت عێراق بەردەوام پشت بە نەوت و داهاتەكەی ببەستێت”.
هاوكات پەیامێكی ئاراستەی بەرپرسانی ئەمریكا كرد و راشیگەیاند، “نابێت پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و ئەمریكا تەنها لە رووی ئاسایشەوە بە سنوورداری بمێنێتەوە”.