بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ ئەبو مازن كۆبووەوە

سەرۆكی یەكێتی لەگەڵ ئەمینداری پارتی ئەلجەماهیر كۆبووەوە و رایدەگەیەنێت، پشتگیریی هەر هەنگاوێک دەکەین کە ئامانج لێی بەدیهێنانی ئارامی و خۆشگوزەرانی بێت.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغداد چاویکەوت بە ئەحمەد جبووری (ئەبو مازن)، ئەمینداری گشتیی پارتی ئەلجەماهیر.

لە دیدارێکدا چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکان لەسەر بنەمای دەستوور گفتوگۆی لەبارەوەکرا و داواکرا هەموو لایەنەکان لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاکاندا هاوکار و هەماهەنگبن.

لەدرێژەی دیدارەکەدا ئیدانەی هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت کرا و جەخت لە یەکخستنی هەڵوێستەکان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە کرایەوە، داواشکرا بەزووترین کات ئەو کێشانە چارەسەربکرێن کە پەیوەستە بە مووچە و قووتی خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە، وەك ئەوەی لە راگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە سیاسەت و ستراتیژی یەکێتی کرد بۆ چارەسەری کێشەکان و رایگەیاند، پشتگیریی هەر هەنگاوێک دەکەین کە ئامانج لێی بەدیهێنانی ئارامی و خۆشگوزەرانی بێت بۆ هاوڵاتییان، هەماهەنگی و کاری هاوبەشیش فاکتەری سەرەکیی بەدیهێنانی ئەو ئامانجەیە.

لەبارەی پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە و قەرەبووکردنەوەی شارەکەوە، سەرۆکی یەكێتی داوای یەکدەنگیی لایەنە سیاسییەکانی کرد و رایگەیاند، خزمەتکردنی هەڵەبجە پرسێکی ئەخلاقییە و دەبێت هەمووان پێکەوە هەوڵ بۆ بەدیهێنانی مافەکانیان بدەین.

بابەتی پێشتر

لە گریانەوە بۆ خۆشی

بابەتی دواتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی و رەییان کلدانی کۆبوونەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share