قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران پێشوازیكرد لە تۆركیڵد بیگ نوێنەری یەكێتیی ئەوروپا لە هەرێمی كوردستان و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا رووداوی هێرشكردنەسەر هێزەكانی دژەتیرۆر لە فڕۆكەخانەی عەربەت تاوتوێكرا.
لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی چوارشەمە 20 ی ئەیلولی 2023 لە هەولێر بەڕێوەچوو، نوێنەری یەكێتیی ئەورووپا بە توندی ئیدانەی بۆردومانكردنی فڕۆكەخانەی عەربەتی كرد و هیوای خواست جارێكی دیكە رووداوی لەو شێوەیە دووبارەنەبێتەوە.
جێگری سەرۆك وەزیران لەمبارەیەوە رایگەیاند، “ئەم رووداوە پێشهاتێكی مەترسیدارە و تیایدا هێزێكی فەرمیی عێراقی و كوردستانی كراوەتە ئامانج كە هێزی دژەتیرۆری كوردستانە و بۆ هەموولایەكیش ئاشكرایە كە ئەو هێزە لە سەرەتای دامەزراندنییەوە بە درێژایی دوو دەیە هاوكار و هاوپەیمانی سەرەكی هێزەكانی هاوپەیمانان بووە لە شەڕی دژەتیرۆردا.
قوباد تاڵەبانی بە توندی پاساوی لایەنی هێرشبەری رەتكردەوە و رایگەیاند شەهیدەكان و بریندارەكانی رووداوەكە هەموویان پێشمەرگەی قارەمانی كوردستان و ئەندامی هێزەكانی دژەتیرۆربوون و بە هیچ شێوەیەك جگە لە هێزی دژەتیرۆر هیچ هێزێكی دیكە لە فڕۆكەخانە نەبووە.
جێگری سەرۆك وەزیران داواشیكرد حكومەتی عێراق و هاوپەیمانان و یەكێتیی ئەوروپا بۆ پاراستنی سەروەریی عێراق و رێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە پێشێلكارییانە هەنگاوی كردەیی بنێن و سنوورێك بۆ ئەو هێرشە سەربازییانە دابنێن كە دەكرێنەسەر خاكی هەرێم و عێراق.