هۆشداری لە ماددە پاککەرەوەکان دەدرێت.. پێکهاتەی شێرپەنجەییان تێدایە

توێژینەوەیەکی نوێ زەنگی ئاگادارکردنەوەی لەبارەی پاککەرەوە باوەکان لێداوە کە لە ماڵەکانماندا هەن، دوای ئەوەی ئاماژەی بەوەدا کە بەکارهێنانی ماددە کیمیاییەکان بۆ پاککردنەوەی ماڵەکەت یان ئۆفیسەکەت مەترسی لەسەر تەندروستیت دروست دەکات، بەڵام هەڵبژاردنی بەرهەمە گونجاوەکان ڕەنگە یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان.

بەپێی ماڵپەڕی Business Insider بەرهەمە باوەکانی پاککەرەوەی بازرگانی وەک سپرای پاککردنەوەی پاڵە و چوری یان هەوا پاککەرەوە هەوای ناوماڵ پڕ دەکەن لە ئایرۆسۆڵ کە دەبێتە هۆی نەخۆشییەکانی هەناسەدان، بەپێی توێژەرانی گروپی کاری ژینگەیی کە رێکخراوێکی توێژینەوەی قازانج نەویستە.

توێژەران 30 بەرهەمی پاککەرەوەی جیاوازیان تاقیکردەوە، کە هەندێکیان وەکو ژینگەدۆست و هەندێکیان بەبێ زیادکردنی بۆن لەبازاڕدا. توێژینەوەکە شیکاری بەرهەمەکانی وەکو پاککەرەوەی زەوی و پاککەرەوەی شووشە و لابەری پەڵە و پاککەرەوەی حەمام لە شێوەی سپرا و مەسح و پاودەری شۆردن لەخۆگرتبوو.

لە نێو ئەو 30 نمونەیەی کە پشکنینیان بۆ کردووە، بۆیان دەرکەوتووە زیاتر لە 530 جۆری جیاوازی مادەی کیمیایی هەیە، کە پێیان دەوترێت پێکهاتەی ئۆرگانیکی هەڵاوساو، کە لە کاتی بەکارهێنانی بەرهەمەکاندا وەک گازێک دەچنە هەواوە، نزیکەی نیوەی ئەو بەرهەمانەی کە دۆزراونەتەوە بە مەترسیدار بۆ سەر تەندروستیی مرۆڤ دادەنرێت.

بەپێی سەنتەری کۆنتڕۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانی ئەمریکا CDC، ماددەی VOC بریتین لە مادەکانی وەک فۆرماڵدیهاید و تۆلۆین و کلۆرۆفۆرم، کە پەیوەستن بە کێشەکانی هەناسەدان وەک تەنگەنەفەسی و شێرپەنجەی سییەکان، بەتایبەتی کاتێک مرۆڤەکان بە تێپەڕبوونی کات دووبارە بەرکەوتەی ئەو ماددانە دەبن.

هەندێک لە لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ماددە کیمیاییەکان دەکرێت زۆر زیاتر مەترسیداربن بۆ منداڵان، لەوانەیە ببنە هۆی کێشە لە گەشەکردن، کێشەی دەمار، یان زیادکردنی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە.

توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە زۆرێک لەو بەرهەمانەی کە تاقییان کردووەتەوە ماددەی کیمیایی دەردەدەن کە دەتوانێت بگاتە چڕییەکی زۆر زیاتر کاتێک لە ژوورەوە بەکاردەهێنرێت وەک لە کاتی بەکارهێنانی بەرهەمەکان لە دەرەوە، هەروەها بۆیان دەرکەوتووە کە هەندێک مادەی کیمیایی دوای بەکارهێنانیان بۆ چەند ڕۆژێک، یان تەنانەت زیاتریش دەمێننەوە.

لە نێو هەموو ئەو بەرهەمانەی کە تاقیکراونەتەوە، ئەوانەی کە لەسەریان نووسراوە “سەوز” و “بێ بۆن” کەمترین بڕی هەوای ژەهراوییان بەرهەمهێناوە، نزیکەی هەشت هێندە کەمتر لە بەرهەمە ئاساییەکان و چوار هێندە کەمتر لە بەرهەمە ژینگەدۆستەکان کە بۆنیان تێدایە.

بابەتی پێشتر

دوو کەس بە تۆمەتی دزینی 140 پارچەی مۆبایل دەستگیرکران

بابەتی دواتر

ئامارێکی نێودەوڵەتی تێچووی پێویست بۆ ژیانێکی خۆش لە عێراق ئاشکرا دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share