عێراق ساڵی 2020ی دەستپێکرد و بەرەو کۆتاییپێهاتنی ئەمساڵە دەڕوات بە ژمارەیەک ڕوداوی گەورە، لە سەرەتای دەستپێکردنی ئەمساڵەوە لە 3ی کانونی دووەمی ئەمساڵدا لە هێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکییدا، قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیسی فەرماندەی حەشدی شەعبی لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغداد کوژران.
لە دوای تەنها پێنج ڕۆژ لە کوژرانی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، سوپای پاسدارانی ئێران ژمارەیەک موشەکی بالیستی ئاڕاستەی هەردوو بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە عەین ئەسەد و هەولێر کرد.
دواتر بەشێک لە لایەنگرانی حەشدی شەعبی گەمارۆی باڵیۆزخانەی ئەمریکایاندا لە بەغداد هەوڵی هەڵکوتانەسەر باڵیۆزخانەکەیاندا، ئەم هەنگاوە هۆشدارییەک بوو بۆ چوونی ململانێکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بۆ قۆناغێکی سەخت.
لە دوای ئەو ڕووداوانە بەدرێژایی ساڵەکە هەریەکە لە ئێران و ئەمریکا پەیامیان ئاڕاستەی یەک کردووە لە ڕێگەی عێراقەوە، ‘میلیشیاکانی’ حەشدی شەعبیی سەربە ئێران بە بەردەوامی بۆردومانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا و نوێنەرایەتییەکانی ئەمریکا و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکایان کردووە لە عێراق بە بنکەی سەربازییەکەیان لە هەرێمی کوردستانیش.
لەبەرامبەردا فڕۆکەکانی ئەمریکا ناوبەناو هێرشی بۆ سەر پێگەکانی ئەو ‘میلیشیایانە’ ئەنجامداوە، بەتایبەت لە سنورەکانی نێوان عێراق و سوریا.
ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بەردەوامبوو لە بەرزبوونەوە، بەڵام لە چارەکی کۆتایی ئەمساڵدا ئێران خواستی لەسەر هێوربوونەوەی دۆخەکەهەبوو، تاوەکو بیانو نەدەن بەدەست دۆناڵد ترەمپەوە بۆ دژایەتیی کردنی ئێران لە عێراق و بەکارهێنانی لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا بۆ بەرژەوەندی خۆی.
لە هەفتەکانی یەکەمی کوژرانی قاسم سلێمانیدا، لایەنە سیاسییەکانی سەربە حەشدی شەعبی هەوڵیاندا گۆڕانکاری لە کرۆکی سیستمی سیاسیی عێراقدا بکەن لەڕێگەی شۆرشی گەلەوە لە بەغداد و شارەکانی دیکەی عێراق بەڵام لەم هەنگاوەدا سەرکەوتوو نەبوون، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان بە توانایەکی گەورەتر و ژمایەکی زۆرەوە چەند هەفتەیەک دوای گەمارۆدانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق بەردەوام بوو.
لەوکاتەدا کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق لە هەفتەکانی سەرەتادا ڕایگەیاند ژمارەی قوربانییەکان گەیشتووەتە 500 کەس، بەڵام دوای تەنها دوو مانگ لە خۆپیشانداندکان کۆمسیۆنەکە ئاشکرای کرد ژمارەی بریندارەکان گەیشتووەتە 27 هەزار کەس و سێ هەزار خۆپیشاندەریش کوژراون.
ئەم دۆخە تاوەکو ئێستا کە لە کۆتایی ساڵی 2020داین بەردەوامی هەیە ناوبەناو ناڕەزایەتی و بەردەوامی ڕفاندن و کوشتنی بێ ئاگای خۆپیشاندەران چالاکوانان حکومەتیش نەیتوانیوە سنورێک بۆ ئەمە دابنێت لەگەڵ ئەوەی بەڵێنی زۆری لەم لایەنەوە داوە، عێراق شایەتی کوشتن و ڕفاندنی دەیان سیاسی و چالاکوان بووە لەوانەش هیشام هاشمی کە لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا تەقەی لێکرا و کوژرا حکومەتیش نەیتوانیوە هیچ کەسێک بە تۆمەتی ئەو کوشتن و ڕفاندنانە سزا بدات لەکاتێکدا لە عێراقدا وەک گروپەکانی سەربە حەشدی شەعبی ناویان دەبرێت.
لەلایەکی دیکەوە لە هەرێمی کوردستان هەزاران خۆپیشندەر و هاوڵاتی هاتنە سەر شەقامەکان بەتایبەت لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بۆ ناڕەزایی دەربڕین دژی دابین نەکردنی موچەکانیان لە کاتی خۆیدا.
لەمبارەیەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی ناوەندی تۆمەتبار کرد بە ڕاگرتنی ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، لەبەرامبەردا حکومەتی عێراق هەرێمی کوردستانی بە پابەند نەبوون بە ڕێککەوتنی نێوان بەغداد و هەرێم و ناردنی بڕە نەوتی دیاریکراو کە بڕەکەی ڕۆژانە 250هەزار بەرمیلە.
بەدرێژایی مانگەکانی ئەمساڵ لیژنەکانی هەردوو حکومەت لە دانوستان و گفتوگۆی بەردەوامدابوون، هەریەکە لە لیژنەکانی هونەری، نەوت و دارایی بەردەوامبوون لە گفتوگۆکان بۆ گەیشتن بە ڕێگایەک لەسەری ڕێکبکەون و هێزە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش قایل بکات.
دوای چەند گەڕێکی گفتوگۆ لە نێوان هەردوولا لە ناوەراستی ئەم مانگەدا گەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ساڵی 2021دا، بەوپێیەش پێویستە حکومەتی ناوەندی %12.67ی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە ڕەوانە بکات، لەبەرامبەردا هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات، هەروەها نیوەی داهاتە ناوخۆییەکان و خاڵە سنورییەکانیش بگەڕێنێتەوە بۆ بەغداد.
گۆڕانکارییە سیاسییەکان:
عێراق لە لەمساڵدا بە حکومەتێکی کاربەڕێکەردا تێپەڕی، دوای ئەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق دەست لەکارکێشانەوەی لەژێر فشاری خۆپیشاندانەکاندا پێشکەشکرد لە کۆتایی مانگی کانونی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا.
بۆ ماوەی شەش مانگی تەواو هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق و وڵاتانی دوروبەر و ژمارەیەک لە وڵاتانی جیهانیش نەیانتوانی بگەنە ڕێککەوتن لەسەر دانانی کەسێک لە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق، کاندیدی تەکنۆکرات محەمەد تۆفیق عەلاوی شکستیهێنا لە پێکهێنانی کابینەی حکومەتی نوێی عێراق، هەروەها عەدنان زورفی نەیتوانی ڕەزامەندیی سەرجەم لایەنە شیعییەکان بەدەستبهێنێت بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران، دواتر کوتلە سیاسییەکان و وڵاتانی ناوچەکە و جیهانیش ڕێککەوتن لەسەر کاندید کردنی مستەفا کازمی، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی عێراق لەو کاتەدا بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران.
لە 6ی ئایاری 2020دا ئەو کاندیدانەی کازمی بۆ وەزارەتەکانی کابینەکەی کاندیدی کردبوون لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەندکران، کە کەسانی سەربەخۆ و پیشەییان تێدابوو لەگەڵ ئەوەشدا ڕەزامەندی لایەنە سیاسییەکان و نوێنەرانی پەرلەمانیان لەسەربوو.
حکومەتەکەی کازمی چوار ئامانجی گەورەی ئاشکراکرد، بەڵێنیدا بە کۆنترۆڵکردنی میلیشیا چەکدارەکانی دەرەوەی یاسا، هەروەها گەڕان بە دوای چەکی نایاسایی لە دەستی کەسانی دەرەوەی هێزە ئەمنییەکانی وڵات.
هەروەها بەڵێنیدا بە کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنورییە نافەرمییەکان، کە گروپە چەکدارەکان و میلیشیاکان دەستیان بەسەردا گرتبوو.
لەیەنێکی دیکە ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی بوو لە عێراق کە کازمی بەڵێنی لەسەردا، لەکاتێکدا حکومەتەکەی کازمی نەیتوانی پلانێکی ستراتیجی بەهێز بۆ ئەم مەبەستە دابنێت، نەیتوانی زیاتر لە سەدان دۆسیەی گەندەڵی ئاشکرا کە لە وڵاتدا هەیە ڕوبەڕوی دادگا بکاتەوە.
کازمی میراتی هەمان سیاسییە ئابورییەکانی پێشووی عێراقی وەرگرت کە حکومی عێراقییان کردووە، لە سێیەکی کۆتایی ساڵدا وڵات ڕوبەڕووی قەیرانی دارایی بووەوە بەجۆرێک نەیتوانی موچەی فەرمانبەران دابین بکات، لەبەرئەوە کازمی دوو بژاردەی لەبەردەستدا بوو کە دەبوایە یەکێکیان هەڵبژێرێت، یان دەبێت قەرز بکات، یاد بەهای دراوی ناوخۆیی وڵات بهێنێتە خوارەوە و بەهاکەی کەمبکاتەوە.
لەسەر ئاستی وڵاتانی دەوروبەر، کازمی هەوڵیدا هاوسەنگی لەنێوان ئێران و تورکیا لەلایەک و وڵاتانی عەرەبی لەلایەکی دیکە ڕابگرێت.
حکومەتەکەی کازمی جۆرێک لە هاوسەنگی ڕابگرێت لە نێوان حەشدی شەعبی و لایەنەکانی سەربە ئەواندا بە چونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، هەروەها گفتوگۆکردن و هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا وەک هاوپەیمانێک بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی تیرۆر.
تەنها دۆسیەیەک کە هەمووان چاویان لەسەرییەتی هەڵبژاردنی پێشوەختەیە کە بڕیارە مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو ئەنجام بدرێت، زۆرینەی چاودێران بۆچوونیان وایە کە ئەو هەڵبژاردنە وەکو تاقیکردنەوەیەک وایە بۆ کازمی و ئەستەمە تێیدا دەربچێت و هەڵبژاردنێکی بێگەرد و دور لە ساختەکاری و دەستێوەردان لەکاتی دیارییکراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت