وەزارەتی دارایی ئاشکرای کرد، قەبارەی داهاتی دارایی عێراق لە بودجەی فیدراڵی لە ماوەی حەوت مانگدا 65 ترلیۆن دیناری تێپەڕاندووە، جەختدەکاتەوە کە پشتبەستن بە نەوت لە بودجەدا بۆ 95% بەرزبووەتەوە.
بەپێی ئەو داتا و خشتانەی کە وەزارەتی دارایی لەم مانگەدا سەبارەت بە داهاتی حەوت مانگی یەکەمی داهاتی عێراق بڵاویکردووەتەوە، دەریدەخات کە نەوت هێشتا سەرچاوەی سەرەکییە بۆ بودجەی گشتیی عێراق، هێشتا نەوت بنەمای سەرەکییە بۆ داهاتی عێراق.
لە خشتە داراییەکاندا ئاماژە بەوە کراوە، کۆی داهاتەکان تا مانگی تەمموزی ساڵی رابردوو 65 تریلیۆن و 195 ملیار و 3 ملیۆن و 735 هەزار و 974 دینار بووە، دوای ئەوەی داهاتی گواستنەوەی لێدەرهێنراوە کە بڕی یەک تریلیۆن و 995 ملیار و 73 ملیۆن و 713 هەزار دینار بووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆئەوەی کە کۆی خەرجییەکان بە پێشینەکان 52 تریلیۆن و 916 ملیار و 562 ملیۆن و 761 هەزار دینار بووە.
بەگوێرەی خشتە داراییەکان، داهاتی نەوت 62 تریلیۆن و 259 ملیار و 118 ملیۆن و 923 هەزار و 534 دینار بووە، کە 95%ی بودجەی گشتی پێکدەهێنن، هاوکات داهاتی نا نەوتی دوو تریلیۆن و 935 ملیار و 884 ملیۆن و 812 هەزار و 439 دینار بووە.