لیژنەی سامانە سروشتییەکان: کار بە پێشنیازەکانمان بکرێت گرانیی بەنزین نامێنێت

ئەمڕۆ لیژنەی سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان پێشنیازەکانی سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەی بەنزین خستەڕوو و بەوتەی سەرۆکی لیژنەکە، ئەگەر پێشنیازەکانیان جێبەجێبکرێن کێشەی بەنزین لە هەرێمی کوردستان چارەسەردەبێت.

لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا عەلی حەمە ساڵح سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، “پێشنیازەکانمان بۆ چارەسەری گرانیی نرخی بەنزین و سووتەمەنی بەگشتی، ئەنجامی لێکۆڵینەوەی وردی لیژنەکەمانن لەسەر کێشەکان، بۆیە داوا لە ئەنجومەنی وەزیران دەکەین و دڵنیاییش دەدەینە خەڵکی هەرێمی کوردستان ئەگەر کار بەو پێشنیازانە بکرێت شتێک بەناوی نرخی زیادی بەنزین نامێنێت”.

سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکانی پەرلەمان وتی، “ئەو بەنزینەی بەغداد دەینێرێت کە لە مانگی داهاتووەوە زیاتر دەبێت لەگەڵ بەرهەمی ناوخۆ سێ ملیۆن لیتر دەبێت، ئەمە ئەگەر بە دادپەروەری و بەبێ قۆرخکاری دابەشبکرێت بەسەر سەرجەم بەنزینخانەکاندا، لە هەرێمی کوردستان کێشەی بەنزین چارەسەردەبێت”.

ئاماژەی بەوەکرد کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بەڵێنی جێبەجێکردنی پێشنیازەکانی داوە و “چاوەڕێی ئەنجام دەبین”.

یەکێکی دیکە لە پێشنیازەكانی لیژنەکە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و ئەنجومەنی وەزیران کارپێکردنی کردنەوەی سەرجەم بازگەکانە تاوەکو ڕێگەبدرێت هەر کەسێک لەگەڵ هەر پارێزگایەکی عێراق ئاڵوگۆڕی بەنزین دەکات دەستکراوەبێت.

سەبارەت بە هەرزانیی بەنزین لە پارێزگاکانی عێراق، عەلی حەمە ساڵح باسی لەوەکرد کە هەرزانیی ئەو بەنزینە بەهۆی پاڵپشتیکردنی حکومەتی عێراقەوەیە، ئەوان پشت بە بەرهەمی ناوخۆ دەبەستن و حکومەتیش پاڵپشتیی نرخ دەکات.

 

ئاماژەی بەوەکرد، کە ئەوانیش وەکو لیژنەی سامانە سروشتییەکان پێشنیازیان کردووە بۆ هەندێک توێژی وەک شۆفێری تەکسییەکان، پاسەکان، جوتیار و ئەوانەی مامناوەند و کەمدەرامەتن نرخی بەنزین لەلایەن حکومەتەوە پاڵپشتیبکرێت، “بەڵام ڕەوا نییە لە بودجەی گشتی پاڵپشتیی نرخی بەنزین بکرێت بە 500 دینار پێیبفرۆشرێت کە ئۆتۆمبێلێکی ڕەینج ڕۆڤەری پێیە نرخی 20 دەفتەر دۆلارە”.

بابەتی پێشتر

ناوی ڕەفتار و تاوان و دیاردەكان بڵاودەكاتەوە<br>سەدر هەڕەشەی سزادانی هاوڵاتییان و بەرپرسان دەكات

بابەتی دواتر

وێنە.. تیپی هونەری میللیی سلێمانی لە فێستیڤاڵی کەلتووریی ئەرمینیا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share