وتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی دانەوێڵە و خۆراکی جیهانی کاریگەری لەسەر نرخی خۆراک لە ناوخۆی عێراقدا نییە.
جەبار فەریجی وتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “عێراق ناکەوێتە ژێر کاریگەری ئەو قەیرانە داراییەی لە جیهاندا هەیە، بەتایبەت بەرزبوونەوەی نرخی بەرهەمە خۆراکییەکان ئەمەش بەهۆی دابەشکردنی سەبەتەی خۆراک بە شێوەیەک و رێکوپێک و لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “لەماوەی دوو ساڵدا 19 سەبەتەی خۆراکی بەسەر هاوڵاتییانی عێراقدا دابەشکراوە، کە 11 یان لە ساڵی رابردوودا بووە و هەشت سەبەتەیان لەمساڵدا دابەشکراوە و بەردەوامیشە”.
ئاشکراشیکرد، “کۆگاکانی وەزارەتی بازرگانی بڕێكی باشی خۆراکی عەمبارکراو تێدایە و بەردەوام لە کاتی خۆیدا بەدەست بریکارەکان دەگەن”.