بڕیارە ئەمڕۆ سەرۆك وەزیران و جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم بە سەرۆكایەتیی شاندێك بچنە بەغداد بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی شایستە داراییەكان و تاوتوێكردنی گرفتەكانی نێوان هەردوو حكومەت.
شاندەكە بە سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیران و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران دەبێت و چاوەڕوان دەكرێت یەكەم دیداریان لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراقدا بێت.
لەبارەی سەردانەكەوە دوێنێ پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، ”هەرێمی کوردستان مەبەستییەتی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بگاتە ئەنجام و خەڵکی هەرێمی کوردستان وەک هەموو ناوچەکانی دیکەی عێراق شایستە داراییەکانیان و لەنێویاندا مووچەیان پێبدرێت”.
وتیشی، “حکومەتی هەرێم پابەندی رێکەوتنەکانە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، سەردانی سەرۆک وەزیران و جێگرەکەی و تیمی حکومەت، نیشاندانەوەی نییەتی سەرۆک وەزیران و حکومەتی هەرێمە بۆ گەیشتنە ئەنجام و چارەسەری کێشەکان لە رێگای جێبەجێکردنی رێکەوتنەکان، بەتایبەتی جێبەجێکردنی یاسای بودجە”.
یەكەمجارە هەریەك لە مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی پێكەوە سەردانی بەغداد ئەنجامدەدەن، شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، یەكێتی و پارتی هەردووكیان لە حكومەتی هەرێم هاوبەشن و لە هاوپەیمانیی ئیدارەدانی دەوڵەت بەشدارن، پێویستە هەر شاندێك كە دەچێتە بەغداد گوزارشتی لایەنە بەشداربووەكانی كابینەی نۆیەم بكات.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران كە دەچێتە بەغداد ئەزموونی دوور و درێژی لە دانوستان لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان بە تایبەت پرسی بودجە و مووچە هەیە و هەنگاوێكی زۆر باشە، چونكە بەبێ یەكێتی هەر هەنگاوێك بنێرێت كێشەكان چارەسەر نابێت و ئەزموونی پێشووش سەلماندوویانە.
شیروان میرزا، جەختیكردەوە، “بەبێ یەكێتی كێشەكان لە بەغداد چارەسەرناكرێن و بڕیاریان لێنادرێت، بە تایبەت پرسی مووچە، جگەلەوەش یەكێتی هەموو هەوڵێك دەدات كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم چارەسەربكات”.