بافڵ جەلال تاڵەبانی: ژیانی خەڵکەکەمان لەوە گەورەترە بکرێتە قوربانیی ململانێ سیاسییەکان

سەرۆكی یەكێتی رایدەگەیەنێت، ژیانی خەڵکەکەمان زۆر لەوە گەورەترە کە بکرێتە قوربانیی ململانێ سیاسییەکان.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ماڵی مام لە بەغداد پێشوازی لە ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا دوایین پەرەسەندنە سیاسی، ئابووری، ئەمنییەکان و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و جەخت لە چارەسەری دەستووری و سیاسییانەی کێشەکان کرایەوە بەشێوەیەک کە وەڵامدەرەوەی خواستی هەموولایەک بێت و سەقامگیریی ناوچەکە پارێزراوبێت.

سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی پەرۆشیی یەکێتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دووپاتکردەوە و رایگەیاند، ناکرێت گوزەرانی خەڵک و شایستە داراییەکان بە بابەتە سیاسییەکانەوە ببەسترێتەوە، چونکە ژیانی خەڵکەکەمان زۆر لەوە گەورەترە کە بکرێتە قوربانیی ململانێ سیاسییەکان و هەموو هەنگاوێکیش لەپێناو کۆتاییهێنان بەو دۆخە نەخوازراوە دەگرینەبەر.

وتیشی، پاراستنی ئارامیی ناوچەکە ئەرکی هەموومانە و دەبێت بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکرێت، هیچ سەقامگیرییەکیش بەدینایەت ئەگەر بەسەر ئاڵنگارییەکاندا زاڵنەبین و هەموومان لەپێناو داهاتوویەکی گەشتردا تێنەکۆشین.

دۆخی گشتیی هەرێم و پرسی هەڵبژاردن تەوەرێکی دیكەی دیدارەکە بوون و لەوبارەیەوە سەرۆک بافڵ وتی، پێویستە هەموو پرسە نیشتمانییەکان کۆدەنگیی هەموو لایەنەکانی لەسەربێت و هەموو هەوڵێکیش لە دەرەوەی ئەو ئیرادەیە رەتدەکەینەوە، پێمانوایە پاراستنی قەوارەی هەرێم و بەهێزیمان پەیوەستە بە یەکگرتوویی و یەکهەڵوێستیمانەوە، بۆ ئەمەش لە هەوڵەکانمان بەردەوامین.

بابەتی پێشتر

گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆی نێوان عێراق و چین دەستپێدەكات

بابەتی دواتر

هۆكاری سەرەكی دابەشنەكردنی مووچە ئاشكرابوو

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share