عەبدولواحید محەمەد جێگری سەرۆكی رێكخراوی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، زۆر نیگەرانین لەو بارودۆخەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی تێكەوتووە كە بە داخەوە ئەو كێشانەی كە هەن درێژكراوەی قەیرانەكانی ساڵی 2014یە و دەستەواژەی لێبڕین و پاشەكەوت لە فەرهەنگی كوردیدا نەبووە و بەسەر مامۆستایان و مووچەخۆراندا جێبەجێكراوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ئێمە بەرپرسین لە دۆخی مامۆستایان، بەڵام ئەو كێشانە تەواوی هەرێمی كوردستان و مووچەخۆرانی گرتووەتەوە و چەندینجار گرفتمان هەبووە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانمان لە خراپیی دۆخی مووچەخۆران ئاگاداركردووەتەوە.
ئاشكراشیكرد، لە وڵاتان كە كێشەیەك دێتە پێشەوە حكومەت یەكەمجار لەگەڵ رێكخراوەكان كۆدەبێتەوە و لە بەغدادش سەرۆك وەزیرانی عێراق لەسەر ئاستی رێكخراوەكان راوێژكاری هەیە و بەدواداچوون بۆ گرفتی ئەو سێكتەرە دەكات و خەڵك داوای مووچە دەكات مافێكی زۆر سەرەتایی مووچەخۆرانە و ئێمە داواكارییمان نییە، بەڵكو داوای مافێكی سەرەتایی خۆمان دەكەین.