قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران پێشوازیكرد لە ئەلینا رۆمانۆڤسكی باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا گفتوگۆكرا لەسەر كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد بە تایبەتیش لەسەر پرسی بودجە و مووچەی فەرمانبەران.
لە تەوەرێكی كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی دووشەمە، لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا مارك سترۆ كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەرێم ئامادەی بوو، هەردوولا هاوڕابوون كە پێویستە بە خێرایی كێشەكانی ناوخۆی هەرێم چارەسەربكرێن، بۆ ئەوەی بە یەكگرتوویی و یەكدەنگییەوە هەوڵی چارەسەركردنی هەموو كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد بدرێت، بە تایبەتیش كێشەی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان.
لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی جەختیكردەوە هەرێمی كوردستان و كورد بە گشتی رووبەڕووی هەڕەشە و مەترسی جددی بووەتەوە، ئەگەر بە خێرایی نەتوانین بەسەر كێشە ناوخۆییەكاندا زاڵبین، قەیرانەكان قوڵتردەبنەوە، هۆشداریشیدا تا دەرفەتی زیاتر لە دەستدەدەین، چارەسەركردنی كێشە و قەیرانەكانیش قورستر و ئاڵۆزتردەبن.
جێگری سەرۆك وەزیران راشیگەیاند، ئامادەیە لەپێناو چارەسەركردنی كێشەی بودجە و مووچەی هاوڵاتییان هەرچی هەنگاو و ڕێوشوێنی پێویستە بیگرێتەبەر.