نەرمین مەعروف: هەرێم قەرزداری عێراقە بە وتەی وەزیری دارایی

ئەندامێكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران سەبارەت بە کۆبوونەوەی لیژنەكەیان لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق دەڵێت، بە وتەی ئەو وەزیرە “هەرێم قەرزداری عێراقە”.

نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران و بەشدار لە كۆبوونەوەی لیژنەكەیان لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، “وەزیر لە كۆبوونەوەکەدا پێیراگەیاندین، شایستە داراییەكانی هەرێمیان بە زیادەوە ناردووە، چونكە مامەڵەیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە 6 مانگی یەكەمی ئەمساڵدا بەپێی رێككەوتن بووە نەك یاسای بودجە”.

ئەوەشی ئاشکراکرد، بەپێی وتەی وەزیری دارایی رێككەوتنی فیعلی لەگەڵ هەرێم کراوە، بەپێی ئەو رێككەوتنەش هەرێمی كوردستان تەنها دوو ترلیۆن و 500 ملیار دینار شایستەیەتی، بەڵام بەپێی ئامارەكان لە ماوەی ئەو شەش مانگەدا حكومەتی هەرێم بە داهاتی نەوتی و نانەوتی زیاتر لە هەشت ترلیۆن دینار داهاتی هەبووە، بۆیە پێویستە حكومەتی هەرێم پێنج ترلیۆن و 800 ملیار دینار بگەڕ‌ێنێتەوە بۆ حكومەتی ناوەند.

نەرمین مەعروف ئەوەشی خستەڕ‌وو کە وەزیری دارایی و ئەندامانی لیژنەکە خوازیاربوون كێشە داراییەكانی نێوان هەولێر و بەغداد چارەسەربكرێن، داوایانكردووە حكومەتی هەرێم پابەندبێت بە رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی عیراق و بەپێی یاسا كێشەكان چارەسەربكرێن.

دوێنێ 9ی ئەیلول لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران میوانداری وەزیری دارایی عێراقی كرد سەبارەت بە پرسی مووچەی هاوڵاتیانی هەرێم.

لە كۆبوونەوەكەدا لە كۆی چوار ئەندامی پشكی كورد لەو لیژنەیە كە بریتین لە نەرمین مەعروف لە فراكسیۆنی یەكێتی، جەمال كۆچەر لە فراكسیۆنی یەكگرتوو، ئیخلاس دلێمی و خەلیل دۆسكی لە فراكسیۆنی پارتی تەنها نوێنەری یەكێتی لە لیژنەكە ئامادەی كۆبوونەوەكە بوو.

بابەتی پێشتر

بانکی ناوەندی ئەمڕۆ 197 ملیۆن دۆلاری خستە بازاڕەوە

بابەتی دواتر

چارەکێکی دانیشتووانی جیهان بەدەست کەمخوێنی و لێکەوتەکانیەوە دەناڵێنن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share